Accessibility links

سەرچاوەکان: گفتوگۆکان بۆ کۆتایی هێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق ڕەنگە تاوەکو دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا بخایەنێت


بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ڕۆیتەرزی وت گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق سەبارەت بە کۆتایی هێنان بە ئەرکی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە وڵاتەکەدا ڕەنگە هەتاوەکو دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە مانگی یانزەدا تەواو نەبن.

لە مانگی یەکدا ئەمەریکا و عێراق دەستییان کرد بە گفتوگۆکان بۆ دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە عێراقدا، کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی داعش لە ساڵی 2014 دا دامەزرا.

بڕیارەکە دوای ئەوە هات هێزەکانی ئەمەریکا و گروپە چەکدارییەکان ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە لە نێوەندی ململانێیەکدا کە پەیوەستە بە جەنگەکەی ئیسڕائیلەوە لە غەززە.

ماوەی مانگێکە ئەو هێرشانە وەستاون، ئەوەش لە پێناو خستنەوەی ژینگەیەکی لەباردا بۆ گفتوگۆکان.

حکومەتی عێراق کە لەلایەن پارتە شیعەکان و گروپە چەکدارییەکانەوە پشتیوانی لێدەکرێت و هاوپەیمانێکی دەگمەنی ئەمەریکا و ئێرانیشە، هەوڵ دەدات ڕێگری بکات لەوەی وڵاتەکە جارێکی دیکە ببێتەوە بە گۆڕەپانی جەنگی هێزە بیانییەکان.

گفتوگۆ تەکنیکییەکان لە ڕێی کۆمسیۆنی باڵای سەربازییەوە لەلایەن زۆرێک لە سیاسییەکانەوە بە ڕێگەیەک دەبیندرێت بۆ بە دەستهێنانی کات لە نێوەندی بۆچوونە جیاوازەکاندا سەبارەت بەوەی پەیوەندییە سەربازییەکەی نێوان ئەمەریکا و عێراق چی لێدێت.

گروپە چەکدارییە توندڕەوە شیعەکانی عێراق داوای دەستبەجێ دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکایان کردووە، لە هەمان کاتدا فراکسیۆنە مامناوەندەکانی دیکەی شیعەکان و پارتەکانی سووننەکان و کوردەکان نیگەرانن سەبارەت بە دەرچوونی ئەمەریکا لە عێراق و پێیان وایە لەوانەیە ببێتە هۆی خراپبوونی دۆخەکە.

واشنتن دەڵێت دەبێت دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ ئەرکی هاوپەیمانان بکرێتەوە، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی شکستی داعش لە ساڵی 2017 دا لە عێراقدا، بەڵام پێی وانیە مەرج بێت گفتوگۆکان ببنە هۆی کشانەوەی ڕاوێژکارە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە وڵاتەکەدا.

لە ئێستادا نزیکەی 2,500 سەربازیی ئەمەریکایی لە عێراقدا بوونییان هەیە، نزیکەی 900 سەربازیی ئەمەریکاییش لە سوریادا هەن.

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری پێشووی عێراق و ئەندامی مامناوەندی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکانی عێراق هەفتەی ڕابردوو بە ڕۆژنامەنووسانی وت " پێم وانیە ئەمەریکاییەکان کشانەوەیەکی تەواوییان بوێت. ئەوە ڕوونە."

وتیشی " پێشم وانیە خواستێکی عێراقیی لە نێو هێزە سیاسییەکاندا هەبێت بۆ جیابوونەوە بە تەواوەتی لە ئەمەریکاییەکان، سەرەڕای ئەوەی ئەمڕۆ ئەوە هەیە کە دەڵێن بوونی ئەمەریکا لەم کاتەدا دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی زیاتر وەک لە چارەسەر."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG