Accessibility links

کەوتنە خوارەوەی سێ موشەک لە بنکەیەکی سەربازیی لە فڕۆکەخانەی بەغداد


سێ موشەک لە بنکەیەکی سەربازیی هاوبەشی هێزەکانی عێراق و ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەی بەغداد کەوتنە خوارەوە، لە ئەنجامدا سەربازێکی عێراقی برینداربوو.

بەرپرسێکی ئاسایشی عێراق بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت سێ موشەکەکە بەسەر ئەو بەشەی بنکە سەربازییەکەدا کەوتوونەتە خوارەوە کە لەژێر دەستی هێزەکانی عێراقدایە نەک هێزەکانی ئەمەریکا. ئەم بنکە سەربازییە دابەشکراوە بەسەر سەربازانی عێراق و ئەمەریکادا.

بەرپرسەکە کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت وتی بەهۆی موشەکەکانەوە سەربازێکی عێراقی برینداربووە.

لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا ئەمە دووەمین هێرشی موشەکیە بکرێتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراقدا، ڕۆژی یەکشەممە بنکەیەکی سەربازی لە باکووری بەغداد بە پێنج موشەک کرایە ئامانج، لە ئەنجامدا سێ سەربازی عێراقی و دوو بەڵێندەری بیانی برینداربوون.

تاوەکو ئێستا ڕوون نیە بە دیاریکراوی کێ بەرپرسە لە هێرشە نوێیەکە، بەڵام زۆرجار ئەمەریکا چەکدارانی سەر بە ئێران تۆمەتبار دەکات لەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر هێزەکانی و دامەزراوە سیاسییەکانی لە عێراقدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG