Accessibility links

پێکدادانی نێوان ئەمەریکا و چەکدارە شیعەکان و لاوازی حکومەتی عێراق


هێرشی هه‌وایی ئه‌مه‌ریکا بۆ سه‌ر جه‌به‌خانه‌ی که‌تائیب حیزب ئه‌لا، فڕۆکه‌خانه‌ی که‌ربه‌لا، 13ی مارسی 2020
هێرشی هه‌وایی ئه‌مه‌ریکا بۆ سه‌ر جه‌به‌خانه‌ی که‌تائیب حیزب ئه‌لا، فڕۆکه‌خانه‌ی که‌ربه‌لا، 13ی مارسی 2020

موشەک باران کردن و ئاڵۆزیەکانی نێوان هێزەکانی ئەمەریکا و گروپە چەکدارە شیعیەکان لە عێراق بەردەوامیان هەیە، بەهۆی لاوازی حکومەتی عێراقیشەوە، ڕەنگە ئاڵۆزیەکان بچنە قۆناغێکی مەترسیدارترەوە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، دووجار سەربازگەی تاجی بۆردومانکراوە و بەو هۆیەوە 3 سەربازی هاوپەیمانان کەدووانیان ئەمەریکایی بوون کوژران، هێزەکانی هاوپەیمانانیش چەندین بنکە و بارەگای حیزبوڵای عێراقیان بۆردومانکردووە و ژمارەیەک چەکداریان کوشتووە و بریندار کردووە.

پێکدادانی نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و چەکدارە شیعەکان لەسەر خاکی عێراق، لەکاتێکدایە عێراق خاوەنی حکومەتێکی لاوازو ماندووی دەستی قەیرانەکانە، بۆیە نە ئەمەریکای لە هێرشەکانی پێ ڕادەگیرێت، نە توانای چەک کردنی گروپە چەکدارە شیعەکانیشی هەیە.

شێرکۆ عەزیز ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارێزگای دیالەی رێکخراوی بەدر، باسی لەوەکرد که‌ ئەمەریکا دەیەوێت بەهێزەوە بگەرێتەوە بۆ عێراق و پلانی درێژخایەنی هەیە، "جێگیرکردنی سیستمی پاتریۆت بۆ پاراستنی هێزەکانی نیە لە هێرشی ناوخۆیی عێراق، بەڵکو بۆ ئێرانیەتی."

دەشڵێت"رەنگە لە داهاتوودا، ئەمەریکا گرفتی گەورە دروست بکات و ئاڵۆزیەکان سەربۆ پێکدادان بکێشێت."

سەرهەڵدانەوەی ئاڵۆزیەکانی نێوان ئەمەریکا و چەکدارە شیعیەکان، دوو جۆر لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، بەشێک لە لێکۆڵەرەوان پێیانوایە، چەکدارەکان لەداهاتووی خۆیان دەترسن، دەیانەوێت لە رێگەی دروستکردنی ئاڵۆزیەوە بەر بە هەوڵەکان بۆ لاوازکردنی پێگەیان بگرن.

بەشێکی تریش پێیانوایە، چەکدارە شیعەکان دەیانەوێت لە ڕێگەی هێرشی ناو بەناوەوە ئەمەریکاییەکان بێزار بکەن، ئەو پەیامە بدەن بەگوێیاندا، کە عێراق ناوچەیەکی ئارام نیە بۆ مانەوەیان.

بەڵام شێرکۆ عەزیز ئەندامی مەکتەبی سیاسی رێکخراوی بەدر ، پێیوانیە حەشدی شەعبی لەپشت موشەک بارانکردنی هێزەکانی هاوپەیمانانەوە بێت لەعێراق، دەڵێت"هیچ هێزێکی حەشد بەشدار نەبووە لەموشەک بارانکردنی ئەمەریکاییەکان، تەنانەت حیزبوڵاش بەشدارنەبووە، تەنها پشتگیری کردووە."

ئاڵۆزیەکانی نێوان چەکدارە شیعەکان و هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، درێژکراوەی ئاڵۆزیەکانی چەند مانگێک لەمەوبەرە، کەبووە هۆی کوژرانی قاسمی سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس و هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لەبەغدا.

دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، ڕوونیکردەوە حکومەتی عێراق، حکومەتێکی لاواز و شکستخواردووە، بۆیە ئەمەریکا و چەکدارە شیعەکان بە ئارەزووی خۆیان لەیەکتری دەدەن و حسابی بۆ ناکەن، دەڵێت"حکومەت نەیتوانیووە چەک لە میلیشیاکان بسێنێت، ئەمەریکاش لێیان دەدات، کەسیان بە قسەی حکومەتی عێراق ناکەن."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:09 0:00


XS
SM
MD
LG