Accessibility links

ئەمەریکا داوا لە خەڵکی دەکات زانیاری بدەنێ لەسەر چالاکیـیە تاوانکاریـیەکانی سوپای پاسداران


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوا لە خەڵکی دەکات زانیاری بدەن لەسەر چالاکیـیەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە وڵاتانی عەرەبی، دەڵێت ئەم چالاکیـیانە سەرچاوەی تاوانی قێزەوەنن لە دژی خەڵکی سیڤیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەم ڕاگەیاندنەی ئەمەریکا پاش ئەوە هات کە شەوی دووشەممە لە بەغدای پایتەختی عێراق هیشام ئەلهاشمی شیکەرەوەی سیاسی عێراقی کوژرا و زۆربەی خەڵکی پەنجەی تاوان بۆ گروپە چەکداراەکانی سەر بە ئێران درێژدەکەن.

ئۆفیسی پاداشتکردن لە پـێناو دادوەریی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە بە زمانی عەرەبی نووسیویەتی "سوپای پاسدارانی ئێران تاوانی قێزەوەن لە دژی خەڵکی بێ تاوان لە وڵاتانی عەرەبی ئەنجام دەدات، ئەمەش لە ڕێگەی گروپەکانی کۆمەکیان دەکات، بۆیە ئەگەر زانیاریت لە بارەی چالاکیـیەکانی ئەم ڕێکخراوە تاوانکاریـیە هەیە بە واتساپ یان تیلگرام پەیوەندیمان پـێوە بکە. ژمارەی واتساپ : 2022941037 001 ، تیلگرام: RFJ_Arabic_bot@ .

وەزارەتی دەرەوە لە نووسراوێکیکەیدا لەسەر تویتەر دەڵێت ئێران ڕووبەڕووی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێتە لە ڕێگەی دابینکردنی چەک بۆ ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکان لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها ئەو گروپانەی بە وەکالەت کاری بۆ دەکەن. دەڵێت ئەو گروپانە چەک و مەشق و پارەی ئێران بەکاردەهێنن بۆ نانەوەی ناسەقامگیری و بڵاوکردنەوەی توندوتیژی لە ناوچەکەدا.

وەزارەتەکە لە نووسینێکی دیکەیدا داوا لە حکومەتی عێراق دەکات پەلە بکات لە دەستگیرکردن و دادگایـیکردنی ئەوانەی لە کوشتنی هیشام هاشمی بەرپـرسن.

کوشتنی هیشام هاشمی ناڕەزایـیەکی زۆری لە ناو عێراق و دەرەوە دروستکردووە.

بەپـێی لێدوانی ڕۆژنامەنووسێک بۆ کەناڵی ئەلحوڕە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، هاشمی بەر لە کوشتنی پـێی گوتبوو ئەبو عەلی ئەلعەسکەری گوتەبێژی ئاسایشی میلیشیاکانی کەتائیب حزبوڵڵای سەر بە ئێران بە تەلەفۆن هەڕەشەی لێکردووە و گوتویەتی"لە بەردەمی ماڵەکەت دەتکوژم" .

XS
SM
MD
LG