Accessibility links

سەرۆک ترامپ سوپاسی ئێران دەکات لە پاش ئازادکردنی هاوڵاتیـیەکی ئەمەریکایی


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سوپاسی ئێرانی کرد پاش ئەوەی هاوڵاتیـیەکی ئەمەریکایی ئازادکرد کە لە ساڵی 2018 وە لەو وڵاتە لە زینداندا بوو.

مایکڵ وایت کە سەربازێکی پـێشووی هێزی دەریایی ئەمەریکا بوو لە ساڵی 2018سەردانی ئێرانی کرد بە مەبەستی بینینی خۆشەویستە ئێرانیـیەکەی لە شاری مەشهەد، بەڵام لەوێ دەستگیرکرا و حوکمی زیندانی درا. لە مانگی سێی ئەمساڵ لە نێو زیندانێکی مەشهەد تووشی نەخۆشی کۆرۆنا بوو، بۆیە لە زیندان هێنرایە دەرێ و چارەسەری پـزیشکی بۆ دەکرا بە چاودێری دیپـلۆماتی سویسرا کە کاروبارەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران بەڕێوەدەبات.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت بەپـێی پارێزەر و کاربەدەستێکی ئەمەریکا، واشنتن و تاران بە سەودایەک گەیشتوون، ئەویش مایکڵ وایت ئازادبکرێت لە بەرامبەر ئەوەی ئەمەریکا ڕێگە بە پـزیشکێکی ئەمەریکایی بە ڕەچەڵەک ئێرانی(ماجید تاهری) بدات سەردانی کەسوکارەکەی بکات لە ئێران.

سەرۆک ترامپ بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی لەگەڵ گەڕانەوەی مایکڵ وایت بۆ ئەمەریکا لە ڕێگەی تویتەرەکەیەوە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و سوپاسی ئێرانی کرد وە هانی تارانی دا سەودایەکی نوێ لەگەڵ ئەمەریکادا واژوبکات بەر لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ئەنجام بدرێت.

ترامپ لەسەر تویتەرەکەی ڤیدیۆی مایکڵ وایتی بڵاوکردەوە کە سوپاسی دەکات و لەسەری نووسی"زۆر شتێکی مەزنە مایکڵ گەڕاوەتەوە بۆ وڵات. ئێستا گەیشتەوە. زۆر جێی خۆشحاڵیـیە. سوپاس بۆ ئێران. چاوەڕێ مەکەن بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا سەودایەکی گەورە بکەن. من وا دەیبەمەوە. ئێستا سەودایەکی باشتر دەکەیت!"

مایکڵ وایت لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی فۆکس نیوز گوتی ئێستا باری تەندروستی باشە و سوپاسی سەرۆک ترامپی کرد و گوتی ئەمەریکا مەزن دەکاتەوە.

XS
SM
MD
LG