Accessibility links

پەنتاگۆن: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک ترامپ لەشکری ئەمەریکا قاسم سولەیمانی کوشتووە


وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردووەتەوە لە بارەی کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران، دەڵێت لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک ترامپ لەشکری ئەمەریکا بەو کارە هەستاوە.

وەزارەتەکە شەوی پـێنجەشەممە بە کاتی واشنتن ڕاگەیاندنەکەی بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی ئەم کارە لە پـێناو پاراستنی ئەمەریکایـیەکان بووە لە دەرەوە. ئاماژەی بۆ سوپای پاسداران کرد کە ڕێکخراوێکی تێرۆرستی بیانیـیە وە قاسم سولەیمانی تیایدا چالاک بووە و پـلانی دانابوو بۆ هێرشکردنە سەر دیپـلۆماتان و سەربازانی ئەمەریکایی لە عێراق و تەواوی ناوچەکە.

دەشڵێت سولەیمانی و هێزەکەی (هێزی قودس) بەرپـرسبوون لە کوژرانی سەدان سەربازی ئەمەریکایی و هاوپەیمانان و هەروەها برینداربوونی هەزارانی دیکە. لە ماوەی چەند مانگی ڕابردووش لە پشت ئەو هێرشانە بووە کە کراونەتە سەر بنکەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، لەوانە هێرشەکەی 27 ی مانگی دوازدە کە بووە مایەی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک ئەمەریکایی و عێراقی. لەگەڵ ئەمانەشدا سولەیمانی ڕەزامەندی دەربڕیبوو بۆ هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا کە لەم هەفتەیە ڕووی دا.

بۆیە ئامانج لەم گورزە ڕێگەگرتنە لەوەی ئێران لە داهاتوودا پـلانی هێرشکردن دابنێت.

پەنتاگۆن لە کۆتایی ڕاگەیاندنەکە دەڵێت ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێکی پـێویست بۆ پاراستنی گەلەکەی و بەرژەوەندیـیەکان لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا بێت.

لە لایەکی دیکە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فەرمی ئێران دەڵێت سوپای پاسداران لە ڕاگەیاندنێکدا هەواڵی کوژرانی قاسم سولەیمانی پشـتڕاستکردووەتەوە. دەڵێت بە هێرشی هەلیکۆپتەری ئەمەریکایی کوژراوە کاتێک لەگەڵ ئەبو مەهدی ئەلموهەندس جێگری حەشدی شەعبی بە دوو ئۆتۆمبیل لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دەرچووبوون. دەشڵێن بە فڕۆکە لە بەیروتی پایتەختی لوبنانەوە بۆ بەغدا هاتبوو.

XS
SM
MD
LG