Accessibility links

سەرۆک ترامپ: ئیدیعای ئێران بۆ ئاشکراکردنی تۆڕێکی سیخوڕی ئەمەریکا سەرلەبەری درۆیە


سەرۆکی ئەمەریکا ئەو ئیدیعایەی دەسەڵاتدارانی ئێرانی ڕەتکردەوە کە دەڵێن تۆڕێکی سیخوڕی ئەمەریکایان ئاشکراکردووە و 17 کەسیان دەستگیرکردووە.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ دووشەممە لەم بارەیەوە لەسەر تویتەرەکەی نووسی"ڕاپـۆرتی ئەوەی ئێران سیخوڕانی CIA دەستگیرکردووە سەرلەبەری درۆیە. سفری ڕاستە. تەنیا درۆ و پـرۆپاگەندەی دیکەیە..."

هەروەها مایک پەمپـێیو وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەویش ئێرانی بە درۆخستەوە و لە میانەی چاوپـێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنی لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمەریکایی گوتی ڕژێمی ئێران مێژوویەکی دورودرێژی لە درۆدا هەیە.

پـێشتر هەر ئەمڕۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی حکومەتی ئێران هەواڵێکیان بڵاوکردەوە، گوایە بەڕێوەبەری ئۆفیسی نەهێشتنی سیخوڕی لە وەزارەتی ئیتیلاعات گوتویەتی لە 18 ی مانگی شەش هەواڵێک ڕاگەیاندرا کە وەزارەتی ئیتیلاعات توانیویەتی تۆڕێکی سیخوڕی CIA ئاشکرابکات و هەڵبوەشێنێتەوە.

گوتویەتی ئەو تۆڕە لە 17 سیخوڕ پـێکهاتبوو و کەسانێک بوون لە شوێنی هەستیاردا کاریان کردبوو، لەوانە شوێنی ئابوری و ناوەکی و لەشکری. هەروەها گوتویەتی لە پەراوێزی کۆنگرە زانستیـیەکان لە ئەوروپا و ئەفریکا و ئاسیا پەیوەندیـیان پـێوەکردوون.

XS
SM
MD
LG