Accessibility links

سەرۆک ترامپ: ئێران هەڵەیەکی گەورەی کرد


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت ئێران بە خستنی فڕۆکە ئەمەریکایـیەکە هەڵەیەکی گەورەی کرد.

سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ پـێنجشەممە لەسەر تویتەرەکەی بە کورتی لە بارەی خستنی فڕۆکەکە نووسیویەتی، دەڵێت"ئێران هەڵەیەکی گەورەی کرد."

بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ کۆنگرێس لە دوا پـێشهاتەکانی دۆخەکە لەگەڵ ئێران ئاگاداردەکاتەوە.

نانسی پـڵوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا دەڵێت نە سەرۆک ترامپ و نە ئەمەریکایـیەکان شەڕیان لەگەڵ ئێراندا ناوێت. پاشان وەک ڕێبەرێکی دیموکرات داوای لە ئەندامانی پارتەکەی کرد ئەمشەو لە بارەی ئێرانەوە کۆببنەوە.

لە لایەکی دیکە فەرماندەیەتی ناوەندی لەشکری ئەمەریکا ڕاگەیاندنێکی لە بارەی خستنی فڕۆکەکە دەرکرد، تیایدا پـشتڕاستی دەکاتەوە فڕۆکە بە موشەکێکی زەوی- ئاسمان خراوەتە خوارێ. بەڵام ئیدیعای ئێرانیـیەکان ڕەتدەکاتەوە کە دەڵێن فڕۆکەکە ئاسمانی وڵاتەکەیانی بەزاندبوو.

فەرماندەیەتیـیەکە دەشڵێت هیچ پاساوێک نەبووە بۆ خستنی ئەم فڕۆکە ئەمەریکایـیە کە لە ئاسمانی نێودەوڵەتیدا دەفڕی.

بەپـێی ڕاگەیاندنەکە فڕۆکەکە لە جۆری RQ-4A Global Hawk بووە. ئەم فڕۆکەیە دەتوانێت هەتا 20 کیلۆمەتر لەسەروو زەویـیەوە بەرزببێتەوە و بە خێرایی 650 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بفڕێت.

XS
SM
MD
LG