Accessibility links

ئەمەریکا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کارمەندێکی پـێشووی هەواڵگری دەردەکات کە تاوانبارە بە سیخوڕی بۆ ئێران


مۆنیکا ویت
مۆنیکا ویت

کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن کارمەندێکی پـێشووی دەزگای هەواڵگری لەشکری وڵاتەکەیان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ڕژێمی ئێران.

ژمارەیەک کاربەدەستی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە واشنتن ئاشکرایان کرد مۆنیکا ویت تەمەن 39 ساڵ کە لە نێوان ساڵانی 1997 هەتا ساڵی 2008 لە هێزی ئاسمانی ئەمەریکا کاری کردبوو، خیانەتی لە وڵاتەکەی کردووە و پـێدەچێت لە ساڵی 2013 وە لە ئێران بێت.

ناوبراو لە لەشکر فێری زمانی فارسی کرابوو و چەند جارێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە لە چوارچێوەی کاری دژە سیخوڕی. جگە لەوەش لە نێوان ساڵانی 2008 هەتا 2010بە گرێبەست وەک ڕاوێژکار لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا کاری کردبوو.

جۆن دیمەرز یاریدەدەری وەزیری داد گوتی مۆنیکا ویت تاوانبارە بە ئاشکراکردنی بەرنامەیەکی نهێنی هەواڵگری ئەمەریکا بۆ ئێران و هەروەها ناسنامەی کارمەندێکی هەواڵگری ئەمەریکای بۆ ئاشکراکردوون و ژیانی خستووەتەبەر مەترسیـیەوە.

گوتیشی" ئەمڕۆ ڕۆژێکی غەمگینە بۆ ئەمەریکا کە هاوڵاتیەکی خیانەت لە نیشتمانەکەی بکات. وە ئەوەشی زۆر جێی داخە ئەو هاوڵاتیـیە ئەندامێکی هێزە چەکدارەکان بووە."

دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی FBI لەسەر ماڵپەڕەکەی زانیاری وردی لەسەر مۆنیکا ویت بڵاوکردووەتەوە و داوادەکات هەر کەسێک زانیاری لەسەر هەیە ئاگاداریان بکاتەوە یان پەیوەندی بکات بە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی ئەمەریکا.

بەپـێی لێکۆڵینەوەکانی FBI ، دەزگای " آفق نو" کە ناوە ئینگلیزیـیەکەی New Horizon))ـە و خۆی بە ڕێکخراوێکی ناحکومی ناودێردەکات و هەموو کارەکانیشی بۆ بەرژەوەندی ڕژێمی ئێرانە، هەستاوە بە شێویەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو کۆڕ و کۆبوونەوەیان بۆ (مۆنیکا ویت) ڕێکخستووە تاوەکو بەلای بیروباوەڕی خۆیان ڕایبکێشن.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا هەر ئەمڕۆ چوارشەممە سزای بەسەر ئەم دەزگا ئێرانیـیەدا سەپاند.

بەپـێی زانیاریـیەکان مۆنیکا ویت لە مانگی دووی ساڵی 2012 چووە بۆ ئێران تاوەکو بەشداری بکات لە کۆنگرەیەک بە ناوی "هۆڵیودیسم" کە لە لایەن دەزگای " آفق نو" ڕێکخرابوو و سوپای پاسداران سەرپەرشتی کردبوو. کۆنگرەکە بە تەواوی لە دژی ئەمەریکا بووە.

مانگی پـێنجی ساڵی 2012مۆنیکا لە لایەن دەزگای FBI ئاگادارکرایەوە لەوەی ئێران هەوڵ دەدات بە لای خۆیدا ڕایبکێشێت، بەڵام مۆنیکا سوێندی خواردبوو هەرگیز ئەو شتە ناکات و زانیاری بە تاران نادات. بەڵام پاش مانگێک لەگەڵ کەسێک کاری کردبوو کە هەردوو هاوڵاتینامەی ئەمەریکا و ئێرانی هەیە وە هاتبوو بۆ ئەمەریکا بە مەبەستی گرتنی فلیمێک لە دژی ئەمەریکا.

لە مانگی دووی ساڵی 2013 جارێکی دیکە چووەتەوە بۆ ئێران بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەیەکی دیکەی "هۆڵیودیسم". هاوینی هەمان ساڵ زۆر پەیوەندی کردووەتەوە بەو کەسەی ساڵی پێشتر کاری لەگەڵدا کردبوو بۆ گرتنی فلیمەکەی دژ بە ئەمەریکا. تەنانەت لە ئیمەیڵێکدا بۆی نووسیبوو، "سوپاس بۆ ئەو هەلەی بۆت ڕەخساندم لەوەی ڕاهێنانە لەشکریـیەکانم بۆ ئامانجی باش بەکاربهێنم نەک خراپ."

لە 28 ی مانگی هەشتی 2013 لە ئیمەیڵێکدا بۆی نووسیوەتەوە کەوا لەسەر فڕۆکەیەکە بەرەو ئێران دەچێت.

بەپـێی دەزگای FBI، لە مانگی حەوتی ساڵی 2013 داویـین جار مۆنیکا ویت لە باشوری ڕۆژئاوای ئاسیا بینراوە.

دەزگای FBI وێنەی چوار ئێرانیشی بڵاوکردووەتەوە بە ناوەکانی( مجتبی معصوم پور، بهزاد مصری، حسین پروار و محمد پریار) دەڵێت ئەمانە کاردەکەن بۆ دەزگای هاککردنی سەر بە سوپای پاسداران و لە نێوان ساڵانی 2014 هەتا 2015 هەشت هاوڕێی مۆنیکایان کردووەتە ئامانج و هەوڵیان دابوو بە ڕێگەی کردنەوەی فەیسبوکێک بە ناوی هاوڕێـیەکی پێشووی مۆنیکا بەرنامەی سیخوڕی بۆ نێو کۆمپـیوتەرکانیان ڕەوانەبکەن لە پاش ئەوەی داوای هاوڕێتیان لێکردبوون.

XS
SM
MD
LG