Accessibility links

ئەمەریکا هەوڵی ڕاگرتنی یارمەتیـیە دارایـیەکانی ئێران بۆ حزبوڵڵا دەدات


ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەنگاوی نوێی ناوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران لە یارمەتیدانی گروپی چەکداری حزبوڵڵای لوبنان، ئەوەی بە کاری تێرۆرستی تاوانبارە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا بۆ ئەم مەبەستە ژمارەیەک کەسی خستە لیستی ڕەشەوە، لەوانە وەلیوڵڵا سەیف بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی ئێران و ئاراس حەبیب کەریم سەرۆکی بانکی بیلادی ئیسلامی لە عێراق و عەلی تەرزەلی یاریدەدەری سەرۆکی بەشی نێودەوڵەتی بانکی ناوەندی ئێران و محەمەد قەسیر کاربەدەستی لوبنانی حزبوڵڵا.

ستێڤ منوخن وەزیری وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لەم بارەیەوە گوتی بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی ئێران هەستاوە بە حەواڵەکردنی ملیۆنان دۆلار لە هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بۆ حزبوڵڵای لوبنان لە ڕێگەی بانکی بیلادی ئیسلامی کە بارەگاکەی لە عێراقە. گوتیشی ئەم پارانە بەکارهێنراون بۆ دەوڵەمەندکردنی حزبوڵڵا و پشتیوانیکردن لە ئەجینداکانی بۆ توندوتیژی و توندڕەوی.

گوتیشی ئەمەریکا ڕێگە بە ئێران نادات چیتر لەوە زیاتر سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی بە خراپی بەکاربهێنێت. هەروەها گوتی دەبێت کۆمەڵی نێودەوڵەتی وریابێت لە بەرامبەر ئەم هەوڵانەی ئێران بۆ پـێشکەشکردنی پشتیوانی دارایی بۆ گروپە تێرۆرستیـیەکانی لایەنگری.

ئەمەریکا و ئیماراتی عەرەبی دەڵێن ئەم تۆڕی حەواڵەکردنی پارەیە یارمەتی داوە لە حەواڵەکردنی سەدان ملیۆن دۆلار لە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بۆ گروپە یاخیبووەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

XS
SM
MD
LG