Accessibility links

ئەمەریکا هاوکاتی هێشتنەوەی هەڵپەساردنی سزا توندەکانی لەدژی ئێران سزای نوێی لەدژی پەسەند دەکات


کاربەدەستێکی باڵای کۆشکی سپی دەڵێت سەرۆک ترامپ ئەمڕۆ هەینی سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاندووە، بەڵام بۆ جاری سێیەم و کۆتایی سزا توندەکانی ڕاگرتەوە، ئەوانەی دانراون بۆ فشارخستنە سەر تاران تاوەکو دەستبەرداری بەرنامەی چەکی ناوکی ببێت، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو ڕێکەوتنەی کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2015 لەگەڵ ئێراندا مۆریکرد.

کاربەدەستەکە گوتیشی سەرۆک ترامپ مۆڵەتی بە کۆنگرێس و هاوبەشە ئەوروپایـیەکان داوە لە ماوەی ئەم 120 ڕۆژەی دانراوەتەوە بۆ هەڵپەساردنی سزاکان، کار بکەن بۆ توندکردنی بەندەکانی ڕێکەوتنەکە، ئەگەر نا ئەوا ئەمەریکا دەستبەرداری ڕێکەوتنەکە دەبێت و سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپـێنێت.

هاوکات وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزای بەسەر 14 کاربەدەست و دەزگای پەیوەست بە ئێران سەپاند، لەوانە سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێران و بەڕێوەبەری بەندیخانەی ڕەجائی شەهر، ئەمەش بەهۆی پـێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و کۆمەککردنی بەرنامەی چەکی ئێران.

کاربەدەستەکەی کۆشکی سـپی لەم بارەیەوە گوتی ئەم سزایانەی ئەمڕۆ بەشێکن لە هەوڵێکی بەرفراوان لە بەرامبەر ڕەفتارەکانی ئێران، لەوانە سەرکوتکردنی خۆپـیشاندەران، ئەوانەی لەم دوایـیانەدا بە لایەنی کەم 21 کەسیان لێ کوژران.

گوتیشی ئەمەریکا بێ دەنگ نابێت لە ئاست بەردەوامبوونی ڕژێمی ئێران لە پـێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ستەمکاری. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد سەرانی ڕژێمەکە دەکەنە ئامانج، لەوانە سەرۆکی دەزگای دادوەری، ئەویش لە بەرامبەر شێوازی مامەڵەکردنی ئەو دەزگایە لەگەڵ هاوڵاتیانی خۆیاندا.

XS
SM
MD
LG