Accessibility links

تیلەرسن: سەرۆک ترامپ دەیەوێت کۆمەڵی نێودەوڵەتی ڕێکەوتنێـکی نوێی ناوکی لەگەڵ ئێراندا هەبێت

  • VOA News

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت سەرۆک ترامپ پـێیوایە ئەم ڕێکەوتنەی لەگەڵ ئێراندا مۆرکراوە سەبارەت بە بەرنامە ناوکیـیەکە وەک پـێویست توند نیـیە و وەک پـێویست نابێتە مایەی خاوکردنەوەی بەرنامەکە و هەروەها وەها دەکات لێپـرسینەوە لە ئێرانیـیەکان کارێکی قورس بێت.

ڕیکس تیلەرسن ئەمەی لە چاوپـێکەوتنێـکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی FOX News ی ئەمەریکایی ئاشکراکرد و گوتی بۆیە پـێویستە پـیاداچوونەوە بەو ڕێکەوتنە بکرێت کە کۆمەڵی شەش وڵات لە ساڵی 2015 لەگەڵ ئێراندا مۆریان کرد.

ئاماژەی بەوەش کرد ئەم کارە پـێویستی بە پشتیوانی هاوپەیمانانی ئەمەریکا هەیە، بە تایبەتی ئەوروپا.

جێی ئاماژەیە دوێنێ سێشەممە سەرۆک ترامپ لە وتارەکەی بۆ کۆمەڵی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی ئەو ڕێکەوتنەی لەگەڵ ئێراندا کراوە لە بارەی بەرنامە ناوکیـیەکە خراپـترین ڕێکەوتن بووە ئەمەریکا مۆریکردبێت.

هەفتەی ڕابردووش خانم نیکی هەیڵی باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەی ئێران بۆ مەودای دور لە بەرژەوەندی ئەمەریکا نیـیە.

چاوەڕوان‌دەکرێت سەرۆک ترامپ لە 15 ی مانگی دە ڕایبگەیەنێت ئایا تاران ڕێکەوتنەکەی پـێشێلکردووە یان نا.

XS
SM
MD
LG