Accessibility links

کاربەدەسـتانی پـێشووی ئەمەریکا داوا لە دۆناڵد ترەمپ دەکەن وتووێژ لەگەڵ موجاهیدینی ئێران بکات

  • VOA News

ژمارەیەک کاربەدەسـتی پـێشووی ئەمەریکا داوایان لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی داهاتووی وڵاتەکە کردووە دەرگای وتووێژبکاتەوە لەگەڵ ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلقی ئێران، ئەوەی هەتا ساڵی 2012 لە نێو لیستی ڕێکخراوە تێرۆرستیـیەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بوو.

لە نامەیەکدا کە لە 9 ی مانگی یەکی ئەمساڵدا دەرچووە و لەم دوایـیانە لەسەر ئنتەرنێت بڵاوکراوەتەوە، 23 کاربەدەسـتی پـێشوو لە هەردوو پارتی دیموکرات و کۆماری واژویانکردووە.

لە سەرەتای نامەکە داوایان لە دۆناڵد ترەمپ کردووە بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی سیاسەتێـک لە بەرامبەر ئێران پـیادەبکات کە دانبنێت بە بەرژەوەندی و مافە ڕەواکانی خەڵکی ئێراندا.

پاشان ڕەخنە لە ڕێکەوتنە ناوکیـیەکە دەگرن و دەڵێن ئێران بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە و لەگەڵیشیدا هەڕەشە بووە بۆ سەر ئاسایشی دراوسـێیەکانی. باس لەوەش دەکەن لەوەتای لە ساڵی 2013 وە حەسەن ڕوحانی کە بە ڕیفۆرمخواز ناودێردەکرێت بووە بە سەرۆک، نزیکەی 3 هەزار کەس لەسێدارەدراون، لەوان ژمارەیەکی زۆریان ژن و نەوجەوان بوون.

لە بەشێـکی نامەکە، داوا لە دۆناڵد ترەمپ دەکەن بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی دەسـتبکات بە وتووێژکردن لەگەڵ ئەنجومەنی شورای بەرگری میلـلی ئێران کە موجاهیدینی خەلقی ئێران بەشێـکە لێی و بارەگاکەیان لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسایە.

ڕۆبەرت تۆریسێڵی سیناتۆری پـێشووی سەر بە دیموکراتەکان کە یەکێـکە لەوانەی ناوی لە نامەکەدا هاتووە، بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی پشـتڕاستکردەوە و گوتی نامەکەیان بۆ دۆناڵد ترەمپ ناردووە.

عەلی سەفەوی گوتەبێژی ئەنجومەنی شورای بەرگری میللی ئێران بۆ ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند ئەوان هیچ دەستێـکیان لە ناردنی ئەو نامەیە نیـیە. هەروەها سونا سەمسەمی کە بەرپـرسێـکی ئەنجومەنەکەیە پـێشوازی لەو هەنگاوە کرد.

هێشتا بەرپـرسانی نێو تیمی دۆناڵد ترەمپ هیچ لێدوانێـکیان لە بارەی ئەم نامەیە نەداوە.

XS
SM
MD
LG