Accessibility links

بەرپرسانی ئەمەریکا: باوەڕوایە ئێران لەپشت هێرشەکەی سەر هێزەکانی ئەمەریکاوە بووبێت لە سوریا


دوو بەرپرسی ئەمەریکی بە دەنگی ئەمەریکایان وت باوەڕوایە ئێران لەپشت هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هەفتەی ڕابردووی سەر بنکەی سەربازی ئەل تەنفی باشووری سوریا بووبێت، کە هێزەکانی ئەمەریکا لەو بنکەیەدا بوونیان هەیە.

بەرپرسەکان کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکەن وتیان فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران لە هێرشەکەدا بەکارهێندراون، بەڵام لە ئێرانەوە نەهاتبوون. فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان تەقەمەنیان پێبووە و زیانیان گەیاندووە بە بیناکان بەڵام زیانی گیانییان لێنەکەوتۆتەوە.

یەکێک لە بەرپرسەکان وتی پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە هێرشەکەدا بەکارهێندراون.

جێی ئاماژەیە هێزە ئەمەریکی و نێودەوڵەتیەکان لە بنکەی ئەل تەنف مەشقی سەربازیی بە سورییەکان دەکەن تاوەکو ڕووبەڕووی ڕێکخراوی داعش ببنەوە.

بنکەکە لەسەر شەقامێکی سەرەکییە کە بەغداد و دیمەشق بەیەکەوە دەبەستێتەوە. بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن دەکرێت ئێران ئەو ڕێگایە وەکو پردێکی وشکانی بەکاربهێنێت لە تارانەوە بۆ دەریای ناوەند.

کاتێک لەلایەن دەنگی ئەمەریکاوە پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی کێ بەرپرس بووە لەو هێرشە، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جۆن کیربی ڕەتی کردەوە " باس لە وردەکارییەکان بکات."

ڕۆژی دووشەممە جۆن کیربی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " لە ڕابردوودا لەم جۆرە هێرشانەمان بینیوە کە لەلایەن گروپە چەکدارییە شیعەکانەوە ئەنجامدراون، ئێمە دەزانین ئەو گروپانە لەلایەن ئێرانەوە کۆمەکی دەکرێن و پشتیوانیان لێدەکرێت، بەڵام باس لە وردەکارییەکان ناکەم."

وتی " ئاڵۆز بووە و بە مەبەست کراوە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG