Accessibility links

پەمپیۆ: ئەمەریکا جەنگی لەگەڵ ئێراندا ناوێت


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ وتی ئەمەریکا نایەوێت بچێتە جەنگەوە لەگەڵ ئێراندا بەڵام هەموو ڕێوشوێنە پێویستەکان دەگرێتەبەر بە ڕێوشوێنی سیاسییشەوە تاوەکو گرەنتی ئازادی هاتووچۆی دەریایی دەستەبەر بکات لە ڕێڕەوە دەریاییە گرنگەکانەوە کە هاتووچۆی بازرگانیان تێدایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران زیادیانکرد دوای ئەوەی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ئێرانیان تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر دوو کەشتی گواستنەوەی نەوت لە کەنداوی عومان، کە بە ڕێڕەوێکی دەریایی گرنگ دادەنرێت بۆ ئەو کەشتیانەی کە نەوت دەگوازنەوە. لەلای خۆشیەوە ئێران ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە.

لە لێدوانێکیدا بۆ بەرنامەی فۆکس نیوز سەندەی، پەمپیۆ وتی " جەنگمان ناوێت. ئەوەی لەتواناماندا بووبێت کردوومانە بۆ ئەوەی ئەوە ڕوونەدات. دەبێت ئێرانییەکان بەباشی درک بەوە بکەن کە ئێمە بەردەوام دەبین لە هەموو ئەو ڕێوشوێنانەی کە ئێران ناچار دەکەن ئەم جۆرە ڕەفتارانە ئەنجام نەدەن."

پەمپیۆ بەرگری لە هەڵوێستی بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا کرد و وتی ئێران بەرپرسیارە لە هێرشەکان و بەڵگەی دیکە هەیە بێجگە لەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە هەفتەی ڕابردوو بڵاوکرانەوە. وتیشی " دەزگا هەواڵگرییەکانمان زانیاری زیاتر و بەڵگەی زۆریان لایە. جیهان زۆرێک لەوانە دەبینێت."

ڕۆژی شەممە بە هەمان شێوە سعودیەش وتی ئێران بەرپرسە لە هێرشەکان و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ڕێوشوێنێکی خێرا بگرنەبەر بۆ پاراستنی دابینکردنی ئەو سووتەمەنییەی کە لە کەنداوەوە دێت. تەنگەی هورموز بە ڕێڕەوێکی ئاویی گرنگ دادەنرێت کە نەوتێکی زۆری سعودیە و وڵاتانی دیکەی کەنداو بەوێدا تێپەڕ دەبێت.

پەمپیۆ وتی " ئەمەریکا هەموو ڕێوشوێنە سیاسی و ناسیاسییەکان دەگرێتەبەر." ئەمەش تاوەکو ئازادی هاتووچۆی دەریایی بەو ڕێڕەوە ئاوییانەدا بپارێزێت، بەڵام هیچ وردەکارییەکی زیاتری نەدا. وتیشی ئەمەریکا بیر لە وەڵامدانەوەیەکی نێودەوڵەتی دەکاتەوە و لەگەڵ زۆرێک لە بەرپرسانی بیانیدا گفتوگۆی کردووە سەبارەت بەو بابەتە.

پەمپیۆ ئاماژەی بە چین و ژاپۆن و کۆریای باشوور و ئیندۆنیسیادا بەوەی کە ئەم وڵاتانە بەشێوەیەکی بەرچاو پشت بە ئازادی هاتووچۆی ئەو تەنگەیە دەبەستن. وتی " من دڵنیام ئەوان لەپاڵ ئێمەدا دەبن کاتێک کە درک بە مەترسییەکە دەکەن. مەترسی لەسەر ئابووری و گەلەکانیان و هەڵسوکەوتە خراپەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG