بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ئۆباما ئەو پشتیوانیـیە پـێویستەی لە ئەنجومەنی سینات بەدەسـتهێنا بۆ ڕێگەگرتن لە هەوڵی زۆربەی کۆماریـیەکان بۆ دانانی کۆسپ لە بەردەم جێبەجێـکردنی ئەو ڕێکەوتنەی کۆمەڵی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئێراندا پـێی گەیشتووە لە بارەی بەرنامە ناوکیـیەکە.
خانم باربرا میکولسکی سیناتۆری کۆماری لەسەر ویلایەتی مێریلاند ڕۆژی چوارشەممە چووە پاڵ ئەو سیناتۆرانەی لەگەڵ ڕێکەوتنەکەدان، بەوەش دەبێتە 34 هەمین سیناتۆر کە پشـتیوانی لە ڕێکەوتنەکە دەکەن، ئەمەش کەمترین ژمارەی دەنگە کە پـێویستە بۆ ڕێگەگرتن لەوەی ئەنجومەنی سینات ڕێکەوتنەکە ڕەتبکات.
خانم باربرا کە کۆنترین ئەندامی ئەنجومەنی سیناتە، سەبارەت بە ڕێکەوتنەکە نووسیویەتی "هەندێـک کەس پـێشـنیاریان کردبوو ڕێکەوتنەکە ڕەتبکەینەوە و تاکلایەنە سزا بەسەر ئێراندا بسەپـێنین بۆ ئەوەی ئێران بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی وتووێژەکان، بەڵام هێشـتنەوەی سزاکان یان توندترکردنیان تەنها لەو حاڵەتە ئەنجامی دەبێت کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی جێبەجێ بکرێت."
هەروەها نووسیویەتی " ڕوون نیـیە ئایا یەکێتی ئەوروپا و ڕووسیا و چین و هیندسـتان و وڵاتانی دیکە بەردەوام دەبن یان نا لەسەر سزاکانی سەر ئێران ئەگەر بێت و کۆنگرێس ڕێکەوتنەکە ڕەتبکاتەوە."