Accessibility links

ئەمەریکا ڕەخنە لە چالاکییە ناوەکیەکانی ئێران دەگرێت


سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی
سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی

ئەمەریکا ڕەخنەی لە چالاکیە ناوەکیەکانی ئێران گرت دوای ئەوەی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەدا ئێران کانزای یۆرانیۆم بەرهەم دەهێنێت، هەروەها داوای لە ئێران کرد بگەڕێتەوە سەر گفتوگۆکان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی وڵاتەکە نوێترین ڕاپۆرتی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بینیوە و باوەڕی وایە ئێران " هیچ پێویستیەکی ئەوتۆی بۆ بەرهەمهێنانی کانزای یۆرانیۆم نیە."

وەکو بەشێک لە ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان، ئێران بەڵێنیدا کانزای یۆرانیۆم بەرهەم نەهێنێت کە دەکرێت بۆ دروستکردنی بۆمبی ناوەکی بەکاربهێندرێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس وتی " ئیمە بەردەوام بە ڕوون و ئاشکرا وتوومانە چالاکیە ناوەکییەکانی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکانی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە بونیادنەرانە نیە و لەگەڵ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنەکەدا ناگونجێت."

وتیشی " پێویستە ئێران دەست لە چالاکیە ناوەکیەکانی هەڵگرێت و بگەڕێتەوە سەر گفتوگۆکردن و بەنیازێکی باشەوە پابەندی سەرجەم بەرپرسیارێتیەکانی ببێت."

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر ڕێکەوتنە ناوەکییەکە، پێی وایە ڕێکەوتنەکە دەتوانێت بەشێوەیەکی ئاشتیانە کێشەی گەورەی نێوان ئەمەریکا و ئێران چارەسەر بکات، بەڵام گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی ڤییەنا تاوەکو ئێستا بە چەق بەستوویی ماونەتەوە و ئەمەریکاش ڕەتی دەکاتەوە سزاکانی سەر ئێران لاببات.

لەدوای دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسییەوە، گفتوگۆکان وەستاون، لەکاتێکدا ڕەئیسی وتوویەتی کاردەکات بۆ لابردنی سزاکانی ئەمەریکا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG