Accessibility links

ئەمەریکا دەڵێت ئیسڕائیل هێشتا لە ژێر ' مەترسی هێرشی ' ئێراندایە


ڕۆژی دووشەممە ئەمەریکا ڕایگەیاند ئیسڕائیل هێشتا لە ژێر مەترسی هێرشی ئێران و لایەنگرەکانیدایە، ئەمەش چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی حزبوڵا سەدان ڕۆکێت و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاڕاستەی ئیسڕائیل کرد وەکو تۆڵەیەک لەسەر کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای حزبوڵا.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جەنەڕاڵ پات ڕایدەر وتی " باس لە هەندێک لە لێدوانە گشتییەکانی سەرکردەکانی ئێران و ئەوانی دیکە دەکەم.. بەپێی هەڵسەنگاندنی ئێمە مەترسی هێرش هەیە، ئێمەش لە پێگەیەکی باشداین بۆ پشتیوانیکردن لە بەرگری ئیسڕائیل و هەروەها پاراستنی هێزەکانمان ئەگەر هێرش بکرێتەسەرییان."

ڕۆژی دووشەممە سەرۆک ئەرکانی گشتی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا جەنەڕاڵ سی کیو بڕاون لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانت و سەرۆک ئەرکانی گشتی سوپای ئیسڕائیل جەنەڕاڵ هەرزی هالیڤیدا کۆبووەوە لە تەل ئەڤیڤ و تاوتوێی دۆخی حزبوڵا و جەنگەکەی ناو غەززەشییان کرد.

وتەبێژی ئەرکانی گشتی ئەمەریکا کاپتنی هێزی دەریایی جێریڵ دۆرسی وتی " سەرکردەکان جەختییان لە گرنگی هاوبەشییە ستراتیژییەکەی نێوان ئیسڕائیل و ئەمەریکا کردووەتەوە و هاوکات تاوتوێی شەڕەکەی ئەمدواییەی سەر سنووری نێوان لوبنان و ئیسڕائیلیان کرد و هەروەها پێویستییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە پێناو خۆ بە دوورگرتن لە ململانێیەکی بەرفراوانتردا. "

بڕاون بە ڕۆیتەرزی وت ئێران " دەیەوێت شتێک بکات کە پەیامێک بنێرێت بەڵام پێم وایە ناشیانەوێت شتێک بکەن کە ببێتە هۆی دروستبوونی ململانێیەکی بەرفراوانتر."

کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا مەترسی فراوانبوونی ململانێکە لە ناوچەکەدا کەم بووەتەوە، بڕاون وتی " بەڵێ بە شێوەیەک لە شێوەکان."

وتی " دوو شت هەبوون کە دەتزانی ڕوودەدەن، یەکێکییان پێشتر ڕوویدا. ئێستا ئەوە پەیوەستە بەوەوە دووەم شت چۆن ڕوودەدات و چی دەبێت."

ڕۆژی دووشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس ئارەقچی بە هاوتا ئیتاڵییەکەی وت وەڵامی ئێران " حەتمی و ورد و هەژمارکراو دەبێت " و ئێران هەوڵی زیادکردنی گرژییەکان نادات.

ئێران ئیسڕائیلی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی کوشتنی سەرکردەی سیاسیی حەماس ئیسماعیل هەنییە، بەڵام ئیسڕائیل کوشتنەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە و نکۆڵیشی لێنەکردووە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG