وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە کۆشکی سپی وەڵامی ئەو ڕەخنانەی دایەوە کە لە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک جۆو بایدن گیراون لەمەڕ ڕێگەدان بە عێراق وزەی کارەبا لە ئێران بکڕێت.
ئەیدریەن واتسن، لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (توێتەر) ڕایگەیاند و وتی هەندێک هێرشی سیاسی چەواشەکارانە دەبینین لە بارەی درێژکردنەوەی لێخۆشبوون بۆ عێراق لە بەکارهێنانی پارە و پولی خۆی لە پێدانی بەهای ئەو کارەبایەی لە ئێرانی هاوردەدەکات. ئەمانە ڕاستییەکانن:
یەکەم: ئەمە 21 هەمین جارە حکومەتی ئەمەریکا ڕەزامەندی لەسەر ئەم جۆرە لێخۆشبوونە دەدات کە بەردەوامییە بۆ بڕیارێک لە سەردەمی بەڕێوەبەرایەتی ترامپەوە دەستیپێکردووە، بۆیە ئەمە هیچ گۆڕانکارییەک نییە لە سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر ئێران یان عێراق.
دووەم: ئەم لێخۆشبوونە بۆ خەڵکی عێراقی مسۆگەر دەکات کە لەناکاو کارەبای لێنەبڕێت یان نرخی کارەبای لێبەرزنەکرێتەوە. عێراق بە هاندانی ئێمە هەنگاوی گەورە دەنێت بە ئاڕاستەی سەربەخۆییبوونی لە بواری وزەدا، بەڵام ئەمەش کاتی دەوێت.
سێیەم: لێخۆشبوونەکە ڕێگە بە عێراق دەدات پارە و پولی خۆی بەکاربهێنێت نەک پارەی ئەمەریکا.
چوارەم: ئەو قسە و قسەڵۆکانەی دەڵێن بەڕێوەبەرایەتی بایدن ڕێگە دەدات پارە و پول بۆ ئێران بڕوات *درۆیە*. ئەو پارانە لە هەژماری سنووردار لە دەرەوە هەڵدەگیرێن و تەنیا بۆ کڕینی ئەو کاڵایانە بەکاردەهێنرێن کە سزاکان نایانگرێتەوە، وەکو خۆراک و دەرمان. ئەو پارانە بۆ شوێنی جیاواز لە وڵاتانی دیکە دەنێردرێن و هەرگێز بۆ ئێران ڕەوانە ناکرێن.
پێنجەم: پیشانمان داوە کە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک بایدن بەردەوام دەبێت لە سزادانی ئێران. لەوەتای دەسەڵاتمان گرتووەتەدەست سزامان بەسەر 400 دەزگا و ڕێکخراو و کۆمپانیا و کەس سەپاندووە، 300 لەوانە تەنیا لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بوو، ئەمەش لە ئەنجامی ڕەفتارەکانی ئێران لە نانەوەی نائارامی و خراپی مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندەران و پشتیوانیکردن لە شەڕی ڕووسیا لە دژی ئۆکراین.
شەشەم: ئەم لێخۆشبوونە پیشانی دەدات ئەمەریکا ئامانجی نییە خەڵکی ئاسایی لە ئێران و عێراق سزابدات. بۆ ماوەیەکی درێژبوو هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات پشتیوانیان لە سیاسەتی ئەمەریکا دەکرد لە ڕەچاوکردنی دۆخی مرۆیی لە سزاکاندا، بۆیە بەڕێوەبەرایەتی ترامپ ئەو بڕیارەی داوە و دەستیپێکردووە.
پێشتر ماثیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند نوێکردنەوەی لێخۆشبوونی ئەمەریکا لە بەرامبەر پێدانی پارە لە لایەن عێراقەوە بە ئێران بە مەبەستی کڕینی کارەبا، پەیوەست بوو بە کاتی تەواوبوونی وادەی لێخۆشبوونێکی هاوشێوە کە سێشەممەی ڕابردوو بە کۆتاییهات.
هەروەها، دوو کاربەدەستی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایانگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی سێشەممە بڕیاری درێژکردنەوەی لێخۆشبوونەکەی بۆ عێراق واژوکرد کە بۆ ماوەی 4 مانگ بەردەوام دەبێت.
وەک باس دەکرێت بەهای ئەو پارانەی لە عێراق دەخرێنە سەر ئەو هەژمارە بانکییانەی پەیوەستن بە ئێرانەوە دەگەنە 10 ملیار دۆلار.
هەندێک لە سیاسییەکان و بە تایبەتی لە نێو کۆمارییەکان ڕەخنە لە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک بایدن دەگرن و دەڵێن نەرمی بەرامبەر ئێران دەنوێنێت و وەک پێویست کاردانەوەی بەرامبەر ڕەفتارەکانی ئێران نییە، بەڵام کۆشکی سپی ئەوە ڕەتدەکاتەوە.
سەرچاوە/ تویتەری ئەیدریەن واتسن، بەشێک لە زانیارییەکان لە کەناڵی ئەلحوڕڕەوە وەرگیراون.