Accessibility links

ئەمەریکا کۆمپانیایەکی عێراقی نزیک لە پاسدارانی ئێران سزا دەدات


وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزای سەپاندە سەر کۆمپانیایەکی عێراقی و دوو کەسی عێراقی بە تۆمەتی بە قاچاخبردنی چەک و تەقەمەنی بە بەهای ملیۆنان دۆلار بۆ ئەو ملیشیا عێراقیـیانەی سوپای پاسداران پشتیوانیان لێدەکات.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا نووسیویەتی کۆمپانیای"منابع ثروات الجنوب" جگە لە بە قاچاخبردنی چەک، بە شێوەیەکی نهێنی کارئاسانیشی بۆ سوپای پاسداران کردووە لەوەی بگاتە ناو سیستەمی دارایی عێراق تاوەکو خۆی لە سزاکان دەربازبکات.

وەزارەتی خەزێنە دەڵێت کارەکانی ئەم کۆمپانیا وەهای کردووە ئەبو مەهدی ئەلموهەندس کە ڕاوێژکارێکی عێراقی قاسم سولەیمانی سوپای پاسدارانە دەوڵەمەند ببێت.

سزاکان دوو کەسی عێراقی گرتووەتەوە، ئەوانیش مەکی کازم ئەلئەسەدی کە کارئاسانی کردووە بۆگواستنەوەی بارەگانی سوپای پاسداران و پـشتیوانی دارایی و تەکنەلۆجی لێکردوون لە ڕێگەی کۆمپانیای"منابع ثروات الجنوب". محەمەد حسێن ساڵح ئەلحوسەینی نوێنەری کۆمپانیاکە کە گرێبەستەکانی چەکی بۆ کۆمپانیاکە واژوکردووە.

بەپـێی سزاکان کۆمپانیای"منابع ثروات الجنوب" و دوو کەسە عێراقیـیە هەرچ سەروەت و سامانێکیان لە ئەمەریکادا هەبێت سڕدەکرێن و ڕێگەیان پـێنادرێت سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی بەکاربهێنن.

XS
SM
MD
LG