Accessibility links

هاککردنەکان دژی کەمپینی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا نموونەن لەسەر ئەوەی ئێران ڕکابەرەکانی دەکاتە ئامانج


لە کاتێکدا کە کەمپینی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا بەرەو کۆتایی دەچێت، ئێران بووەتە نیگەرانییەکی دوو هێندەیی بۆ ئەمەریکا.

داواکاران دەڵێن گوایە تاران هەوڵیداوە ئەو کەسانە هاک بکات کە پەیوەستن بە هەڵبژاردنەکانەوە، هەوڵیداوە زانیاری لە کەمپینی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بدزێت. بەرپرسانی ئەمەریکاش تۆمەتبارییان کردووە بە تۆمەتی پلانگێڕان بۆ کوشتنی ترامپ و بەرپرسانی دیکەی پێشووی ئەمەریکا.

بۆ ئێران، کوشتن و هاککردن ستراتیژییەکی نوێ نین.

ئێران لە ساڵەکانی 2000 ەکاندا بەها و مەترسییەکانی هاککردنی بۆ دەرکەوت، کاتێک ڤایرۆسی ستەکسنێت، کە باوەڕوایە لەلایەن ئەمەریکا و ئیسڕائیلەوە ڕەوانە کرابێت، هەوڵیدا زیان بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران بگەیەنێت. لەو کاتەوە هاککەرەکان یارمەتیدەر بوون لە ئەرکەکانی پەیوەست بە دەوڵەتەوە بۆ بە ئامانجکردنی کەمپینەکەی ترامپ و ئەو ئێرانییانەی کە لە دەرەوە دەژین و بەرپرسانی حکومی لە ناو ئێراندا.

مێژووی کوشتنەکانی دەگەڕێتەوە بۆ زۆر دواتر. دوای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979، ئێران دوژمنەکانی لە دەرەوە کوشتووە یاخود ڕفاندوونی.

زۆرێک دەڵێن هاککردنەکانی ئێران دەگەڕێنەوە بۆ ئەو کاتەی کە ڤایرۆسی ستەکسنێتی کۆمپیوتەر پەیدا بوو. ڤایرۆسەکە لە ساڵەکانی 2000 ەکاندا دەرکەوت و خۆی گەیاندە ناو یەکەکانی کۆنتڕۆڵکردنی ئامێرەکانی پیتاندنی یۆرانیۆمەوە لە کارخانەی ئەتۆمی ناتانزی ئێران، ڤایرۆسەکە وایکرد ئامێرەکان خێراتر کاربکەن و دواجار خۆیان لە ناو ببەن.

زانایانی ئێرانی سەرەتا باوەڕییان وابوو کە هەڵەیەکی میکانیکی بووەتە هۆی گەیاندنی ئەو زیانە. بەڵام دواجار ئێران ئەو ئامێرانەی لابرد کە توشی ڤایرسەکە بوون و دەستیکرد بە هێرشکردنە سەر دوژمنەکانی لە ئۆنلاینەوە.

ڕاپۆرتێکی ساڵی 2000 ی ناوەندی پاشا فەیسەڵ بۆ توێژینەوە و توێژینەوە ئیسلامییەکان لە سعودیە دەڵێت " ئێران مامۆستایەکی زۆر باشی هەبوو لە گەیشتن بە هونەری جەنگی ئەلیکترۆنیدا."

ئەوەش لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتیمانییەوە دانیپێدانراوە لە بەڵگەنامەیەکدا کە لەلایەن بەڵێندەری پێشووی دەزگاکە ئێدوارد سنۆودنەوە لە ساڵی 2015 دا دزەی پێکرا، بەڵگەنامەکە شیکاری بۆ هێرشێکی ئەلیکترۆنی کردووە کە هارد درایڤەکانی کۆمپانیایەکی نەوتی سعودیەی لە ناوبردووە. ئێران گومانلێکراو بووە لەسەر ئەنجامدانی ئەو هێرشە کە بە شاموون ناسراوە، لە ساڵی 2012 دا ڕوویدا و جارێکی دیکە لە ساڵی 2017 دا ڕوویدایەوە.

هاوکات ئەم هێرشە ئەلیکترۆنییانە لە ناوخۆی ئێرانیشدا بیندراون. لە ساڵی 2009 دا، دووبارە هەڵبژاردنەوەی سەرۆکی ئەو کاتەی ئێران مەحمود عەلینەژاد کە ناکۆکی لەسەر بوو بووە هۆی دروستبوونی بزووتنەوەی سەوز. تویتەر کە یەکێک بوو لە سەرچاوەکانی هەواڵی خۆپیشاندانەکان، هێرشی کرایە سەر و لەسەری نوسرابوو " سوپای ئەلیکترۆنی ئێران." گومان هەبوون لەسەر ئەوەی کە سوپای پاسدارانی ئێران سەرپەرشتی " سوپای ئەلیکترۆنی " و هاککەرەکانی دیکە دەکەن.

هاوکات ئێران خۆشی چەندین جار هاککراوە. لەوانەش کوژانەوەی وێستگەکانی گاز لە سەرانسەری ئێراندا و هەروەها کوژانەوەی کامێرا چاودێرییەکانی زیندانی ئێڤینی تاران و تەنانەت کەناڵەکانی سەر بە دەوڵەتیش.

هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی ئێران کە خەرجییەکی کەمییان تێدەچێت و دەستکەوتێکی زۆرییان هەیە، ڕەنگە بەردەوام بن لە کاتێکدا کە ئێران ڕووبەڕووی ژینگەیەکی گرژی نێودەوڵەتی بووەتەوە بەهۆی ململانێکانی ئیسڕائیل لەگەڵ حەماس و حزبوڵادا، هەروەها بەهۆی پیتاندنی یۆرانیۆمەوە لەلایەن ئێرانەوە بۆ نزیک پلەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، هەروەها ئەگەری دووبارە هەڵبژاردنەوەی ترامپ وەکو سەرۆکی ئەمەریکا.

پەرەسەندنی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێتی 3G و 4G لە ئێران دەستڕاگەیشتنی خەڵکەکە و هاککەرانیشی بە ئینتەرنێت ئاسانتر کردووە. ئێران زیاتر لە 50 زانکۆی گەورەی هەیە کە پڕۆگرامی زانستەکانی کۆمپیوتەر و زانیاری تەکنەلۆجیایان تێدا دەوترێتەوە. لانیکەم سێ لە زانکۆ باڵاکانی ئێران باوەڕوایە پەیوەست بن بە وەزارەتی بەرگری ئێران و سوپای پاسدارانەوە و دەکرێت هاککەر بۆ هێزەکانی ئاسایش دابین بکەن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG