Accessibility links

سەرچاوەکان: بەرژەوەندییە هاوبەشەکان لە ئەفغانستان کەناڵێکی نهێنی گفتوگۆکردن لەنێوان ئەمەریکا و ئێراندا دەکاتەوە


سێ سەرچاوەی نزیک وتیان نێوەندگیرە ڕۆژئاواییەکان هەوڵدەدەن هانی ئێران و ئەمەریکا بدەن هاریکاری یەکتری بکەن لە پتەوکردنی ئاسایشی ئەفغانستان لەکاتێکدا کە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ هەوڵدەدات واشنتن لە جەنگی ئەفغانستان بهێنێتە دەرەوە.

سەرچاوەکان دەڵێن نێوەندگیرەکان چەند مانگێکە نامەی نهێنی لەنێوان واشنتن و تاراندا دەگوازنەوە بەهیوای ئەوەی هانی هەردوولا بدەن گفتوگۆ بکەن لەکاتێکدا کە دوژمنکارییەکانی نێوانیان بەهۆی کۆمەڵێک بابەتەوە زیاد بووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو نامانەوە بە ڕۆیتەرزی وت " ئەفغانستان یەکێکە لەو شوێنانەی کە ئەمەریکا و ئێران بەرژەوەندیی هاوبەشیان تیایدا هەیە."

ڕۆیتەرز دەڵێت کۆشکی سپی ئامادە نەبووە لەم بارەیەوە لێدوان بدات و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش وەڵامی نەداوەتەوە.

ئێران بە فەڕمی ڕەتی دەکاتەوە هیچ وتوێژێکی نهێنی هەبێت لەگەڵ ئەمەریکادا سەبارەت بە هیچ بابەتێک.

ئەمەریکا و ئێران هەردوولایان گرنگی بەوە دەدەن کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان نەبێتە هۆی ئەوەی جەنگی ناوخۆ لەو وڵاتەدا دەست پێبکات و تاڵیبان بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات، یاخود ڕێگە بدرێت بە زیادبوونی دەسەڵاتەکانی ڕێکخراوی قاعیدە و گروپە ئیسلامیە توندڕەوەکانی دیکە لەو وڵاتەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG