Accessibility links

هەڵبژاردنی سەرەتایی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ویلایەتی ئایاوا بەڕێوەدەچێت


لایەنگرانی هەردوو پارتی دیموکرات و کۆماری لە ویلایەتی ئایاوا ئەمڕۆ دووشەممە ڕوو لە بنکەکانی دەنگدان دەکەن تاوەکو بەشداری بکەن لە هەڵبژاردنێـکی سەرەتایی بۆ سەرۆکایەتی وڵاتەکەیاندا.

دەنگدانە لە 1681 بنکەی دەنگدان بەڕێوەدەچێت و هێڵێـکی تەلەفونیش دانراوە بۆ بەشداریکردنی ئەو سەرباز و خوێندکارانەی خەڵکی ویلایەتەکەن. چاوەڕوان دەکرێت نزیکەی 250 هەزار کەس دەنگی خۆیان بدەن لەم ویلایەتەی ژمارەی دانیشـتوانەکەی زیاتر لە 3 ملیۆن کەسە.

لە لیستی کۆماریـیەکان دۆناڵد ترەمپ و تێد کروز لە پـێشەنگدان و لە دیموکراتەکانیش هەریەک لە هێلەری کلنتن و بێرنی ساندەرس.

ملیاردێر دۆناڵد ترەمپی تەمەن 69 سـاڵ زۆربەی پـێشـبینیـیەکانی بە درۆخستەوە و هێشتا بەپـێی ڕاوەرگرتنە گشـتیـیەکان لە پـێشەنگدایە هەرەچەندە کۆمەڵێـک تێڕوانین و بۆچوونی هەیە، لەوانە ڕێگەگرتن لە کەسانی موسڵمان لەوەی بێنە ناو ئەمەریکاوە. زۆر جاریش لە دژی کۆچبەران لێدوان دەدات و داوا دەکات دیوارێک لەسەر سنووری نێوان ئەمەریکا و مەکسیک دروستبکرێت و پارەی تێچوونی دیوارەکەش لە لایەن مەکسیکەوە دابین بکرێت، ئەمەش بۆ ئەوەی ڕێگە لە خەڵکی ئەمەریکای لاتین بگیرێت لەوەی نەتوانن بە شێوەیەکی نایاسایی بێنە ناو ئەمەریکاوە. هەروەها داوا دەکات هەرچی پەنابەری نایاسایی‌ هەیە لە ئەمەریکا دەربکرێن.

هێلەری کلنتنی دیموکراتی تەمەن 67 سـاڵ هاوسەری سەرۆکی پـێشووی ئەمەریکا بێڵ کلنتن، خوازیارە بـبێتە یەکەم سەرۆکی ژن لە ئەمەریکا. خانم هێلەری ئەزمونێـکی باشی لە سیاسەتی دەرەوە هەیە بەو پـێـیەی لە ساڵی 2009 وە هەتا سـاڵی 2013 وەزیری دەرەوە بوو. لە نێو دیموکراتەکان پـشـتیوانیـیەکی باشی لێدەکرێت هەتا ئێستا نزیکەی 163 ملیۆن دۆلار لە لایەن لایەنگرانی کۆکراوەتەوە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی.

بەپـێی یاساکان هەر دەنگدەرێـک بۆی هەیە تەنها دەنگ لەسەر لیستی پارتەکەی خۆی بدات کە خۆی تیا ناونووسکردووە، واتە ئەوەی کۆماریـیە بۆ نیـیە دەنگ لەسەر لیستی دیموکرات بدات و ئەوەشی دیموکراتە بە هەمان شێوە بۆ نیـیە بەشداری هەڵبژاردنەکەی کۆماریـیەکان بکات.

جێی ئاماژەیە هەڵبژاردنی گشتی وڵاتەکە لە 8 ی مانگی یازدە سـازدەکرێت و ئەوەی تیایدا سەرکەوتن بەدەسـتبهێنێت، ئەوا لە سەرەتای ساڵی 2017 پـۆستی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەگرێتەدەست.

XS
SM
MD
LG