Accessibility links

ئەمەریکا داوا لە هیندستان دەکات چیتر نەوت لە حکومەتەکەی مادورۆ نەکڕێت


ئیلیەت ئابرامز
ئیلیەت ئابرامز

نوێنەری باڵای واشنتن بۆ ڤەنزوێلا ئیلیەت ئابرامز وتی ئەمەریکا داوا لە هیندستان دەکات چیتر نەوت لە حکومەتەکەی سەرۆکی ڤەنزوێلا نەکڕێت دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ هەڕەشەی سەپاندنی سزای زیاتری کرد بۆ بڕینی سەرچاوەی سەرەکی دارایی حکومەتەکەی مادورۆ.

ئابرامز لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆیتەرز وتی " ئێمە دەڵێین پێویستە یارمەتی ئەم ڕژێمە نەدرێت. دەبێت لە پاڵ گەلی ڤەنزوێلادا بوەستن."

وتیشی بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆک ترامپ هەمان پەیامی بە حکومەتەکانی دیکە ڕاگەیاندووە و هۆکاری گونجاوی داوەتە ئەو بانک و کۆمپانیا بیانیانەی کە لەگەڵ مادورۆدا کار دەکەن.

وتوێژەکان لەگەڵ هیندستاندا لەکاتێکدا دێن ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی کە پشتیوانی لە ڕابەری ئۆپۆزسیۆن خوان گوایدۆ دەکەن هەڕەشەی سەپاندنی سزای زیاتریان کرد بۆ وەستاندنی گەڕانەوەی پارە بۆ حکومەتەکەی مادورۆ و ناچارکردنی تاوەکو دەستبەرداری دەسەڵات ببێت.

واشنتن گوایدۆ بە سەرۆکی یاسایی ڤەنزوێلا دەزانێت و سزای سەپاندووە بەسەر کەرتی نەوتی ڤەنزوێلادا.

بازاڕی هیندی زۆر بە گرنگ دادەنرێت بۆ ئابووری ڤەنزوێلا چونکە لە دوای ئەمەریکاوە دووەم گەورەترین کڕیاری نەوتی خاوی ڤەنزوێلایە کە بە کاش پارەکەی دەدات، دوای سزاکانی ئەمەریکا، ئێستا هەندێک لەو پارەیە کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی گوایدۆوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG