Accessibility links

ئەمەریکا سزا بەسەر کۆریای باکووردا دەسەپێنێت


بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن یەکەمین سزای خۆی سەپاند بەسەر کۆریای باکووردا، ئەوەش دوابەدوای تاقیکردنەوە موشەکییەکانی کۆریای باکوور.

سزاکان شەش کەسی کۆریای باکوور و ڕوسییەک و کۆمپانیایەکی ڕوسی دەگرێتەوە کە ئەمەریکا دەڵێت بەرپرس بوون لە بەدەستخستنی پێداویستیەکان لە ڕوسیا و چینەوە بۆ بەرنامە موشەکیەکەی کۆریای باکوور.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا وتی ئامانج لە سزاکان ڕێگەگرتنە لە گەشەکردنی چەکەکانی کۆریای باکوور و بەربەست دانان لەبەردەم هەوڵەکانیدا بۆ بڵاوکردنەوەی تەکنەلۆجیای چەکەکانی.

ئەمەریکا پێشنیاری ئەوەشی کردووە پێنج کەس لەوانەی سزاکانیان بەسەردا سەپێندراوە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بخرێنە لیستی ڕەشەوە، کە ئەوەش پێویستی بە ڕەزامەندی 15 ئەندامەکەی لیژنەی سزاکانی کۆریای باکوور هەیە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس ئاماژەی بەوەدا ئەمەریکا هێشتا پابەندە بە هەوڵدان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆریای باکووردا.

پڕایس وتی " ئەوەی لەم ڕۆژانەی دواییدا بینیمان تەنها جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێمان وایە ئەگەر بمانەوێت بەرەپێشچوون ببینین ئەوا پێویستە گفتوگۆ بکەین."

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا وتی سزاکان دوابەدوای شەش تاقیکردنەوەی موشەکی باڵیستیکی کۆریای باکوور دێن کە لە مانگی نۆوە دەستیپێکردووە، هەریەکێک لەو تاقیکردنەوانە بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێشێل کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG