Accessibility links

ئێران دەڵێت سزاکانی ئەمەریکا بەهۆی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانەوە سزای سیاسین


ئەمەریکا ڕۆژی هەینی سزای سەپاند بەسەر وەزارەتی هەواڵگری ئێران و وەزیرەکەیدا، تۆمەتباریکردن بەوەی پەیوەندییان هەبووە بە هێرشە ئەلیکترۆنییە تێکدەرەکەی مانگی حەوتەوە دژی ئەلبانیا و چالاکییە ئەلیکترۆنییەکانی دیکە دژی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند وەزارەتی هەواڵگری ئێران سەرپەرشتی کۆمەڵێک تۆڕی هەڕەشەی ئەلیکترۆنی دەکات، لەوانەش ئەوانەی کە لە بەرژەوەندی حکومەتی ئێران سیخوڕی ئەلیکترۆنییان ئەنجامداوە.

یاریدەدەری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا بۆ کاروباری تیرۆر و دارایی هەواڵگری بڕایان نیڵسن لە بەیاننامەیەکدا گوتی " لێبوردنمان نابێت بۆ زیادبوونی چالاکییە ئەلیکترۆنییەکانی ئێران."

وەزارەتەکە پێشتریش ڕووبەڕووی سزای ئەمەریکا بۆتەوە.

ئێران سزاکان ڕەت دەکردەوە و دەڵێت سەپاندنی سزاکان سیاسی بووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناسڕ کەنعانی گوتی " وەکو سزا نایاساییەکانی پێشووی ئەمەریکا دژی وەزارەتی هەواڵگری، ئەم ناوبردنە نوێیە هەرگیز ناتوانێت بچووکترین کۆسپیش دروست بکات لەبەردەم سووربوونی ئەندامانی ئاسایشی گەلی ئێران لەم دامەزراوە سەربەرزەدا."

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران لە زاری کەنعانییەوە بڵاوییان کردەوە " ڕاگەیاندنی پشتیوانی دەستبەجێی ئەمەریکا بۆ تۆمەتە نادروستەکانی حکومەتی ئەلبانیا دژی ئێران، بە ڕوونی دەریدەخات کە ئەمە حکومەتی ئەمەریکا ئەم سیناریۆیەی دژی ئێران دروست کردووە."

هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی مانگی حەوت بوونە هۆی تێکدانی ماڵپەڕەکانی حکومەتی ئەلبانیا و تێکدانی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی دیکە لەو وڵاتەدا. شیکەرەوان دەڵێن ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەکە ئەوە بووە سزای ئەلبانیا بدرێت لەسەر پشتیوانیکردنیان لە گروپێکی ناڕازیی ئێرانی کە لە ئەلبانیان و بە موجاهیدین ئەل خەلق ناسراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG