Accessibility links

سزا نوێیەکانی ئەمەریکا بانک و دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکانی ڕووسیا دەکەنە ئامانج


ڕۆژی چوارشەممە ئەمەریکا سزای بەسەر دەیان کەس و لایەنی ڕووسیدا سەپاند، لەوانەش بانکی بازرگانی ڕووسیا و کۆمپانیایەکی کریپتۆکەرەنسی ڕووسی.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی وڵاتەکە سزای بەسەر بانکی بازرگانی ڕووسیا ترانسکاپیتالدا سەپاندووە کە نوێنەرەکانیان کۆمەڵێک بانکیان هەیە لە ئاسیا، لەوانەش لە چین، هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش و هەوڵیانداوە یارمەتی ڕووسیا بدەن لە خۆزینەوە لە سزاکانی ڕۆژئاوا.

هەروەها ئەمەریکا سزای بەسەر تۆڕێکی جیهانی زیاتر لە 40 کەس و لایەندا سەپاندووە کە لەلایەن دەسەڵاتداری دەوڵەمەندی ڕووسی کۆنستانتین مالۆفیڤەوە ڕابەرایەتی دەکرێن، هەروەها سزای بەسەر ئەو ڕێکخراوانەشدا سەپاندووە کە " ئەرکی سەرەکییان کارئاسانیکردنە بۆ لایەنەکانی ڕووسیا تاوەکو خۆیان لە سزاکان بدزنەوە."

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزای بەسەر ئەو کۆمپانیا ڕووسیانەشدا سەپاندووە کە لە بواری پیشەسازی کریپتۆکەرەنسیدا کاردەکەن و گوایە سێیەمین گەورەترین کۆمپانیان لە جیهاندا. کۆمپانیای بیتڕیڤەر و 10 لایەنی سەر بە کۆمپانیاکەی کردۆتە ئامانج، هۆشداریشیدا لەسەر ئەوەی ئەمەریکا پابەندە بەوەوە کە ڕێگە بە هیچ ئامڕازێک نەدات ببێتە هۆی ئەوەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن بتوانێت لەڕێیانەوە خۆی لە کاریگەرییەکانی سزاکانی سەر ڕووسیا بدزێتەوە.

جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا بۆ هەواڵگری تیرۆر و دارایی بڕایان نیڵسن وتی " خەزێنەی ئەمەریکا هەموو ئەوانە دەکاتە ئامانج کە دەیانەوێت ڕووسیا لە سزاکان بدزنەوە یاخود هەوڵی بۆ دەدەن، چونکە ئەوان پشتیوانی لە جەنگە دڕندانەکەی پوتن دەکەن."

وتیشی " ئەمەریکا کاردەکات بۆ ئەوەی دڵنیا ببێتەوە لەوەی ئەو سزایانەی کە بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتیەکانماندا سەپاندوومانن بەسەر ڕووسیادا، تواناکانی کرێملن کەم بکەنەوە بۆ دەستکەوتنی هێز و کۆمەکیکردنی داگیرکارییەکەی."

جێی ئاماژەیە لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا لە 24 ی مانگی دوودا، ئەمەریکا کۆمەڵێک سزای بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە، سزای بەسەر بانکە گەورەکانی ڕووسیا و ڤلادیمیر پوتنیشدا سەپاندووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG