Accessibility links

ئەمەریکا سزا دەسەپێنێت بەسەر بەرهەمهێنان و گواستنەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئێرانییەکان بۆ ڕووسیا


وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جانێت یەڵین
وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جانێت یەڵین

ئەمەریکا سزای نوێی سەپاند بەسەر ئەو کۆمپانیایانەدا کە بە تۆمەتی پەیوەستبوونیان بە بەرهەمهێنان یاخود گواستنەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئێرانییەکان بۆ ڕووسیا تۆمەتبار کراون، ئەو فڕۆکانە بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانە هەستیارە مەدەنییەکانی ئۆکرانیا بەکارهاتوون.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی سزای بەسەر ناوەندی توێژینەوەی پیشەسازییەکانی فڕۆکەوانی شاهیددا سەپاندووە، وتی شاهید بەرپرسە لە دیزاین کردن و بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید – سیریسدا کە هێزەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بەکارییان هێناوە، هاوکات کۆمەڵێک کۆمپانیای دیکەش سزا دران.

ڕووسیا توانیویەتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی دەستبکەوێت کە بەکارهێندراون بۆ هێرشکردنە سەر شارەکان و ژێرخانەکانی کارەبا لە ئۆکرانیادا. لایەن و پیشەسازییە سەربازییەکانی ئێران پێشتریش لە ژێر سزای قورسی ئەمەریکادا بوون بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە.

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جانێت یەڵین لە بەیاننامەیەکدا وتی " وەکو چەند جارێکی دیکە جەختمان لێکردۆتەوە، ئەمەریکا سوورە لەسەر سزادانی ئەو کەس و کۆمپانیایانەی کە پشتیوانی لە جەنگە بێهۆکارەکەی ڕووسیا دەکەن لە ئۆکرانیا، ئیتر لە هەر شوێنێک بن."

وتی " کارەکەی ئەمڕۆ ئەو کەس و کۆمپانیایانە سزا دەدات و ئاشکرا دەکات کە کارێکیان کردووە ڕووسیا بتوانێت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێرانی بەکاربهێنێت بۆ ئەنجامدانی کاری دڕندانە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئۆکرانیا."

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا وتی کۆمپانیای تایبەتی سەربازیی واگنەری ڕووسیا و هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانی ئێران و پیشەسازییەکانی فڕۆکەوانی قودسیش کە پێشتر سزای ئەمەریکایان بەسەردا سەپێندراوە، لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە خراونە لیستی سزاکانی ڕۆژی سێشەممەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG