Accessibility links

ڕاپـۆرت: ئەمەریکا بە نیازە ئەو کۆچبەرە عێراقیـیانە بنێرێتەوە کە تاوانی گەورەیان ئەنجام داوە


کاربەدەستێکی ئەمەریکا دەڵێت پـۆلیسی ئاژانسی کۆچبەری وڵاتەکەی کەوتووەتە دەسـتگیرکردنی ئەو کۆچبەرە عێراقیـیانەی تاوانی گەورەیان ئەنجامداوە و فەرمانی دەرکردن و ناردنەوەیان دەرچووە.

خانم جیلیان کرێستنسن گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئاژانسی کۆچبەری و گومرگی ئەمەریکا ICE ئەمڕۆ دووشەممە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت ئەم هەنگاوەی ئاژانسەکەی لە ئەنجامی ڕێکەوتنەکەی ئەم دوایـیانەی نێوان ئەمەریکا و عێراق بوو کە تیایدا بەغدا قایل بوو ژمارەیەک لەو عێراقیـیانەی فەرمانی دەرکردنیان دەرچووە وەربگرێتەوە لە بەرامبەر لابردنی لە لیستی ئەو وڵاتانەی سەرۆک ترامپ فەرمانی کرد بە شێوەیەکی کاتی ڕێگە بە هاوڵاتیانیان نەدرێت بێنە ناو ئەمەریکا.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو هەواڵ هەبوون باسیان لە دەسـتگیرکردنی ژمارەیەک عێراقیان لە ئەمەریکا دەکرد، بەڵام ئاماژەیان بۆ ڕێکەوتنی نێوان بەغدا و واشنتن نەدەکرد.

جیلیان کرێستنسن پشـتڕاستی کردەوە لەم دوایـیانە عێراقی دەسـتگیرکراون کە بە تاوانی گەورە تۆمەتبارکراون. گوتیشی هەر یەکەیان لە پـرۆسەیەکی یاسایی تەواو دادپەروەرانە بڕیاریان لەسەر دراوە و دادوەری فیدراڵی تایبەت بە کۆچبەری گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی ئەم تاوانکارانە بەپـێی یاسای ئەمەریکا هیچ لێبوردنێک نایانگرێتەوە، بۆیە فەرمانی ناردنەوەیانی داوە.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتن هیچ لێدوانێـکی لەم بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.

ڕۆیتەرز دەڵێت لەوانەی لە سەرەتای ئەم هەفتەیە دەسـتگیرکراون کوردی تێدایە کە لە شاری ناشڤیلی ویلایەتی تێنسیـیە و هەروەها کلدانیش لە شاری دیترۆیتی ویلایەتی مشیگنە.

پارێزەران و چالاکوانان و کەسوکاری ئەوانەی دەسـتگیرکراون بە ڕۆیتەرزیان گوتووە دەیان عێراقی دەستگیرکراون. ڕۆیتەرز دەڵێت ناتوانێت ئەم ئیدیعایە پشـتڕاستبکاتەوە، بەڵام نزیکەی 1400 عێراقی لە ئەمەریکا بڕیاری دەرکردن و ناردنەوەیان بۆ دەرچووە.

XS
SM
MD
LG