Accessibility links

سەرۆک ترامپ ڕێگەدەدات سزا بەسەر کاربەدەستانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بسەپێنرێت


سەرۆکی ئەمەریکا ڕێگەی بە وەزارەتی دەرەوە و دارایی وڵاتەکەی داوە سزا بەسەر هەر کاربەدەستێکی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بسەپێنن ئەگەر بەبێ ڕەزامەندی ئەمەریکا لێکۆڵینەوە لەسەر سەربازانی ئەمەریکایی بکات یان تۆمەتیان ئاڕاستەبکات.

کۆشکی سپـی ئەمڕۆ پـێنجشەممە ڕایگەیاند، سەرەڕای داواکاریـیە بەردەوامەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی بۆ چاکسازی، بەڵام دادگای تاوانی نێودەوڵەتی هیچ کارێکی بۆ چاکسازی لە خۆیدا نەکردووە، وە لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامە لە لێکۆڵینەوەکانی بە ئامانجی سیاسی لە دژی ئەمەریکا یان هاوپەیمانەکانی، لەوانە ئیسرائیل."

کاربەدەستێکیش لە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپ گوتی ئەو لێکۆڵینەوەیەی دادگای نێودەوڵەتی دەیکات سەبارەت بە شەڕ لە ئەفغانستان، لەلایەن ڕێکخراوێکی گومانبارەوە دەجوڵێنرێت. کاربەدەستەکە ڕووسیاشی تۆمەتبارکرد بەوەی ڕۆڵێک لەم مەسەلەیەدا دەبینێت.

مایک پەمپـێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی گوتی واشنتن ڕێگە نادات دادگایەکی کارتۆنی هەڕەشە لە ئەمەریکایـیەکان بکات. گوتیشی ئەمەریکا سزا دەسەپـێنێت بەسەر ئەو کاربەدەستانەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و هەروەها ڕێگە بە خێزانەکانیشیان نادات سەردانی ئەمەریکا بکەن.

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە 5 ی مانگی سێ بڕیاری دا لێکۆڵینەوە بکرێت سەبارەت بەوەی دەڵێن تاوانی شەڕ لە ئەفغانستان ئەنجامدراوە.

XS
SM
MD
LG