Accessibility links

ئەمەریکا و زلهێزەکانی ئەوروپا نیگەرانی دەردەبڕن سەبارەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ لە سەدا 84 لەلایەن ئێرانەوە


ئەمەریکا و وڵاتە زلهێزەکانی ئەوروپا نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ لە سەدا 84 لەلایەن ئێرانەوە، کە ئەو پلەیەش زۆر نزیکە لەو پلەیەوە کە پێویستە بۆ دروستکردنی چەک، وتیشیان ئێران دەبێت ڕوونکردنەوە بدات لەسەر ئەوەی ئەوە چۆن ڕوویداوە.

دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی تەنۆلکەی یۆرانیۆمی لە کارخانەی ئەتۆمی فۆردۆی ئێران دۆزیوەتەوە کە بۆ لە سەدا 83.7 پیتێندراوە. فۆردۆ لە ناو جەرگەی شاخێکدا دروستکراوە و دووەم شوێنە کە ئێران بەردەوام یۆرانیۆمی تیادا دەپیتێنێت بۆ پلەی لە سەدا 60. دروستکردنی چەکیش پێویستی بە یۆرانیۆمێک هەیە کە بۆ لەسەدا 90 پیتێندرابێت.

ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا لە ماوەی کۆبوونەوەیەکی دەستەی وڵاتانی ئەندام لە دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیدا وتی " بە لە بەرچاوگرتنی ئەو تەنۆلکەی یۆرانیۆمەوە کە دۆزراوەتەوە و بۆ لە سەدا 83.7 پیتێندراوە، سەرجەم ئەندامانی دەستەکە دەبێت بە جددی نیگەران بن لەسەر ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارە. "

وتیشی " ئێران دەبێت دەستبەجێ و بە تەواوەتی هاریکار بێت لەگەڵ دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیدا تاوەکو ڕوونکردنەوەیەک بدات لەسەر ئەوەی چی ڕوویداوە و کارئاسانی بکات بۆ سەرجەم ئەرکە چاودێری و پشکنینەکان کە دەزگاکە بە پێویستییان دەزانێت تاوەکو ئەوەی ڕوویداوە جارێکی دیکە ڕوونەداتەوە. ئێران دەبێت دڵنیایی بدات لەسەر ئەوەی ئەو جۆرە ڕووداوە هەرگیز جارێکی دیکە ڕوونەداتەوە."

ئاماژەشی بەوەدا " ئەو ڕاستییەی کە ئەم پەرەسەندنە نوێیە لە کارخانەیەکی تەواو پارێزراودا ڕوویداوە کە سەرەتا بە نهێنی دروست کراوە نیگەرانییەکانمان زیاتر دەکات."

ئەمەریکا و سێ زلهێزەکەی ئەوروپا – بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا، کە بە E3 ناسراوە، لەم کۆبوونەوەیەی دەستەی ئەندامانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیدا خۆیان بە دوورگرت لە پێشنیارکردنی بڕیارێک بۆ سەرکۆنەکردنی ئێران، بەڵام ڕوونییان کردەوە کە لە دانیشتنی داهاتوودا ڕەنگە وەڵامییان هەبێت.

دوایین کۆبوونەوەکەی دەزگاکە لە مانگی یانزەدا بوو کە تیایدا بڕیارێک پەسەند کرا و تیایدا فەرمانییان بە ئێران کرد دەستبەجێ هاریکاری بکات لەگەڵ لێکۆڵینەوەکانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیدا سەبارەت بەو تەنۆلکە یۆرانیۆمەی کە لە سێ کارخانەی ڕانەگەیەندراودا دۆزرابوونەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئێران دڵنیاییدا بە سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافائیل گرۆسی و وتی ئامادەیە بۆ پێدانی زانیاری زیاتر بۆ ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە ماوەیەکی زۆرە ڕاگیراوە. ئێران و دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بەیاننامەیەکی هاوبەشییان بڵاوکردەوە و تیایدا ئێران بەڵێن دەدات هاوکاری دەزگاکە بکات، بەڵام وردەکارییەکی ئەوتۆی تێدا نەبوو.

زلهێزەکانی ئەوروپا لە بەیاننامەیەکدا وتیان " E3 بە تایبەتی نیگەرانە سەبارەت بە نموونەکەی ئەمدواییانە لە فۆردۆ."

وتیشیان " پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ لە سەدا 83.7 کە کارێکی بێپێشینەیە، پەرەسەندنێکی زۆر مەترسیدارە." وتیشیان " بە شێوەیەکی مەترسیدار ئێران نزیک دەکاتەوە لە چالاکییە ڕاستەقینەکانی دروستکردنی چەک."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG