Accessibility links

گرۆسی دەڵێت ئێران بەڵێنیداوە کامێراکان و کەلوپەلەکانی دیکەی چاودێریکردن لە کارخانە ئەتۆمییەکانیدا کارابکاتەوە


بەڕێوبەری دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافائیل گرۆسی
بەڕێوبەری دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافائیل گرۆسی

بەڕێوبەری دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافائیل گرۆسی وتی ئێران بەڵێنیداوە کامێرا و کەلوپەلەکانی دیکەی چاودێری لە کارخانە ئەتۆمییەکانیدا کارا بکاتەوە و ڕێگە بە پشکنینی زیاتر بدات لەو دامەزراوەیەدا کە یۆرانیۆم تیایدا دەپیتێندرێت.

لەمدواییانەدا ئاشکرا بوو کە ئێران لە دامەزراوەیەکیدا یۆرانیۆمی بۆ پلەیەک پیتاندووە کە نزیکە لەو پلەیەوە کە بۆ دروستکردنی چەک پێویستە.

بەڵام بەیاننامە هاوبەشەکەی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی و دەزگای وزەی ئەتۆمی ئێران تەنها دڵنیاییەکی ناڕوونیدا لەسەر ئەوەی تاران مامەڵە لەگەڵ سکاڵا درێژخایەنەکاندا دەکات سەبارەت بە دەستڕاگەیشتنی پشکنەرانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی یاخود کارخانە ئەتۆمییەکانی ئێران.

ڕۆژی شەممە بەڕێوبەری دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافائیل ماریانۆ گرۆسی لەگەڵ سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی و بەرپرسانی باڵای دیکەی ئێراندا لە تاران کۆبۆوە.

گرۆسی لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ ڤییەنا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، کەمکردنەوەیەک هەبوو لە هەندێک لە چالاکییەکانی چاودێریکردندا، کامێرا و کەلوپەلەکانی دیکەی چاودێریکردن کارییان نەدەکرد." وتیشی " ڕێککەوتین لسەر ئەوەی ئەوانە دووبارە چالاک بکرێنەوە و کار بکەن."

بەڵام گرۆسی هیچ وردەکارییەکی نەدا لەسەر ئەوەی ئایا چی کەلوپەلێک دەخرێتەوە کار یاخود چەند بە زوویی ئەوە ڕوودەدات، بەڵام وادیار بوو ئاماژە بە بڕیارەکەی مانگی شەشی ساڵی 2022 ی ئێران بدات کە تیایدا تاران بڕیاریدا کامێرا چاودێرییەکانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی لە کارخانە ئەتۆمییەکانیدا لاببات.

گرۆسی سەبارەت بەو دڵنیاییانەی کە لە تاران پێی دراوە، وتی " ئەمانە بەس قسە نین. ئەمە زۆر بەرجەستەیە."

یەکەمین سەردانی گرۆسی بۆ تاران لەم ساڵدا چەند ڕۆژێک دوای ئەوە هات دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە تەنۆلکەیەکی یۆرانیۆم کە بۆ لە سەدا 83.7 پێتێندراوە لە کارخانەی فۆردۆی ئەتۆمی ژێر زەوی لە ئێران دۆزراوەتەوە، ئەو پلەیەش نزیکە لەو پلەیەوە بۆ دروستکردنی چەک پێویستە.

ڕاپۆرتەکەی دەزگاکە کە ڕۆژی سێشەممە بۆ وڵاتانی ئەندام لە دەزگاکەدا خرایەڕوو، لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ڕۆژئاوا و ئێران سەبارەت بە چەند بابەتێک زیادییان کردووە، لەوانەش سەرکوتکارییەکانی ئێران دژی خۆپیشاندەرانی وڵاتەکە و پێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن تارانەوە بە مۆسکۆ و بەکارهێنانی ئەو فڕۆکانە لە ئۆکرانیادا.

گرۆسی وتی ئێرانییەکان ڕازیبوون بەوەی کارەکانی پشکنین لە کارخانەکەدا بۆ لە سەدا 50 زیاد بکرێن. بەپێی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان، چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران سنووردار کران و پیتاندنی یۆرانیۆمی بۆ لە سەدا 3.67 کەم کردەوە. هەروەها پیتاندنی یۆرانیۆمی لە فۆردۆ قەدەغە کرد، کە لە ناو جەرگەی شاخێکدا دروست کراوە بۆ ئەوەی بەرگەی هێرشە ئاسمانییەکان بگرێت، لە بەرامبەریشدا سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران کەمکرانەوە.

لە ساڵی 2018 دا ئەمەریکا لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا، ئێرانیش لەلای خۆیەوە وەکو وەڵامێک بە ئاشکرا کۆتوبەندەکانی ڕێککەوتنەکەی پێشێل دەکرد. بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و وڵاتانی ئەوروپا و ئێران هەوڵیانداوە دووبارە ڕێککەوتنەکە زیندوو بکەنەوە، بەڵام گفتوگۆکان بە چەق بەستوویی ماونەتەوە.

لە بەیاننامە هاوبەشەکەی ڕۆژی شەممەی ئێران و دەزگای وزەی ئەتۆمیدا هاتووە دەڵێت " ئێران ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ بەردەوامیدان بە هاریکارییەکانی و دابینکردنی زانیاری زیاتر و دەستڕاگەیشتنی زیاتر بۆ چارەسەرکردنی کێشە دیارە هەڵپەسێندراوەکان."

گرۆسی وتی " پڕۆسەکە دوورودرێژ بووە، ئەوەم نەشاردۆتەوە کە دوورودرێژ بووە." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ کێشە هەڵپەسێندراوەکان. بەڵام وتی " باشبوونێک " هەبووە لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا.

وتی " گوێیان لێم گرت. هیوادارم بەمزووانە ئەنجامەکان ببینین."

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG