Accessibility links

ئەمەریکا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی حوسییەکانی یەمەن دەخاتە خوارەوە


سوپای ئەمەریکا ڕۆژی هەینی،26ی مانگی چوار ڕایگەیاند هێزەکانی هاوپەیمانان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان و کەشتییەکی بێ کەشتیوانییان (USV) " لەو ناوچانەی یەمەن تێکشکاندووە کە لە ژێر دەسەڵاتی حوسییەکاندان، ئەوەش دوای ئەوەی حوسییەکان کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات موشەکێکی باڵیستیکییان هەڵداوەتە کەنداوی عەدەنەوە.

سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا (CENTCOM) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی ئەو موشەکە دژە کەشتییەی کە ڕۆژی پێنجشەممە لەلایەن حوسییەکانەوە هەڵدرا هیچ زیانێکی گیانیی یاخود ماددی لێنەکەوتووەتەوە.

چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە سوپای ئەمەریکا وتی " کەشتییەکی بێ کەشتیوان و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لەو ناوچانەی یەمەن کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی حوسییەکاندان سەرکەتووانە تێکشکێندراون."

لە مانگی یانزەوە حوسییەکانی یەمەن دەیان موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان بە ئاڕاستەی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور هەڵداوە، دەڵێن هێرشەکانییان وەکو دەربڕینی پشتیوانییە بۆ فەلەستینییەکان لە ماوەی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسدا لە غەززە.

ناوەندی زانیاریی هاوبەشی هاتووچۆی دەریایی کە لەلایەن هاوپەیمانێتی هێزە دەریاییەکانەوە بە ڕابەرایەتی ڕۆژئاوا بەڕێوەدەبرێت وتی هێرشە موشەکییەکەی ڕۆژی پێنجشەممە کەشتی بارهەڵگری MSC DARWIN VI کردووەتە ئامانج کە ئاڵای لایبیرییای بەسەرەوە بووە و لە کەنداوی عەدەندا بووە.

ناوەندەکە ڕۆژی هەینی وتی " موشەکەکە کەشتییەکەی نەپێکاوە."

حوسییەکان بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان گرتە ئەستۆ و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە کەشتییەکە سەر بە ئیسڕائیل بووە.

وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان یەحیا ساری ڕۆژی پێنجشەممە لە ئێکس نوسیبووی" ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتووانە ئامانجەکەی خۆی پێکاوە." بەڵام هیچ بەڵگەیەکی نەخستبووەڕوو.

حوسییەکان کە کەناری یەمەنییان لەسەر دەریای سوور بە دەستەوەیە، بەشێکن لە " بەرەی بەرهەڵستکاران " ی هاوپەیمانەکانی ئێران، کە لە چەندین گروپی چەکداریی پێکدێت و لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت و وەکو ناڕەزایی دەربڕینێک دژی جەنگەکەی غەززە ئیسڕائیل دەکەنە ئامانج.

سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا وتی ڕۆژی چوارشەممە حوسییەکان هەوڵییاندا هێرش بکەنە سەر کەشتی MV Yorktown کە ئاڵای ئەمەریکای بەسەرەوەیە.

هێرشەکانی حوسییەکان لە دەریای سوور ئەمەریکا و بەڕیتانیای ناچار کرد لە مانگی یەکەوە هێرشی ئاسمانی بکەنە سەر پێگەکانی حوسییەکان لە یەمەن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG