Accessibility links

ڕێکخراوی HRW جارێکی دیکە داوای دادگایی‌کردنی سەرۆکی پـێشووی ئەمەریکا دەکات


ڕێـکخراوێـکی نێودەوڵەتی کە داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ دەکات دەڵێت دەبێت جۆرج بوش سەرۆکی پـێشووی ئەمەریکا و ژمارەیەک لە کاربەدەسـتی پـێشووی حکومەت لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت لەسەر ئەو ڕۆڵەی بینیویانە لە چۆنێتی لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی گومانیان لێدەکرا تێرۆرستبن، ئەمەش پاش هێرشە تێرۆرسـتیـیەکانی ساڵی 2001 ی سەر ئەمەریکا.

ڕێکخراوی Human Rights Watch ڕۆژی دووشەممە ڕاپـۆرتێـکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا ئەو ئیدیعایانەی بەڕێوبەرایەتی ئۆبامای ڕەتکردەوە کە دەڵێن ڕێگری یاسایی هەن بۆ دادگایی‌کردنی ئەو کاربەدەسـتانەی پـێشوو. وەزارەتی داد لە سەردەمی سەرۆک ئۆباما لە ساڵی 2012 کۆتایی بەو جۆرە بەرنامەی لێکۆڵینەوەیە هێنا. پاشان سەرۆک ئۆباما بڕیاری دا چیتر ئەشکەنجەدان لە لێکۆڵینەوەکان بەکارنەهێنرێن.

ڕێکخراوەکە دەڵێت ئەو کاربەدەسـتانەی دیکەی پـێشوو کە دەبێت لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، بریتین لە دیک چینی جێگری سەرۆکی پێشووی و جۆرج تێنێت سەرۆکی پـێشووی CIA و جان ئاشکرۆفت داواکاری گشتی پـێشوو و کۆندەلیزا ڕایس ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی پـێشوو و برس جێسن و جەیمس میچڵ کە هەردووکیان شارەزای دەرونین و لە CIA کاردەکەن و ڕێوشوێنەکانی چۆنێتی لێکۆڵینەوەکانیان دانبوو.

کاربەدەسـتانی سەردەمی بەڕێوەبەرایەتی بوش ئەو سکاڵایانەیان لە بارەی ئەو جۆرە بەرنامەی لێکۆڵینەوەیە ڕەتکردووەتەوە و دەڵێن بەهۆیەوە توانیویانە زانیاری گرنگیان دەسـتبکەوێت و ڕێگەبگرن لە ڕوودانی هێرشی تێرۆرسـتی دیکە.

XS
SM
MD
LG