Accessibility links

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پاکێجی هاوکاریی 95 ملیار دۆلاریی بۆ ئۆکرانیا، ئیسڕائیل و تایوان دەخاتە دەنگدانەوە


سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا مایک جۆنسن
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا مایک جۆنسن

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کە کۆمارییەکان زۆرینەن تێیدا بڕیارە ڕۆژی شەممە دەنگدانێک بکەن لەسەر پڕۆژە یاسای پاکێجێکی یارمەتی سەربازیی بە بڕی 95 ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا و ئیسڕائیل و تایوان، پڕۆژە یاساکە لە مێژە چاوەڕێ دەکرێت و پێشبینی دەکرێت ئەمجارە پەسەند بکرێت، ئەوەش دوای دژایەتیکردنی بۆ ماوەیەکی زۆر لەلایەن هەندێک لە کۆمارییەکانەوە.

زیاتر لە دوو مانگ دەبێت ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا کە دیموکراتەکان زۆرینەن تێیدا پڕۆژە یاسایەکی هاوشێوەیان پەسەند کرد و ڕابەرانی ئەمەریکا لە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنەوە بۆ سەرکردەی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سینات میچ مککۆنێڵ داوایان لە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران مایک جۆنسنی کۆماریی کردووە پڕۆژە یاساکە بخاتە دەنگدانەوە.

جۆنسن لەلایەن کۆمارییەکانی هاوڕێیەوە دژایەتی دەکرێت، بەڵام لەم هەفتەیەدا بڕیاریدا هەڕەشەی کۆمارییەکان بۆ دوورخستنەوەی لەو پۆستە پشتگوێ بخات و بڕیار بدات دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساکە ئەنجام بدرێت، پڕۆژە یاساکە 60.84 ملیار دۆلاری بۆ ئۆکرانیا تەرخان کردووە، لە کاتێکدا کە ئۆکرانیا کۆشش دەکات لە جەنگەکەیدا دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا.

پاکێجەکە کە لە چوار پڕۆژە پێکدێت، یارمەتی دارایی بۆ ئیسڕائیل و یارمەتی ئاسایشی بۆ تایوان و هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی ئیندۆ پاسێفیک لە خۆدەگرێت، هەروەها ڕێوشوێنێکیشی تێدایە کە سزاکان لە خۆدەگرێت، هەڕەشەی قەدەغەکردنی تیکتۆکی کۆمپانیایەکی چینی دەکات و هەروەها بابەتی گواستنەوەی سەرمایە دەستبەسەرداگیراوەکانی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیاش لە خۆدەگرێت.

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا وتی " جیهان چاودێری ئەوە دەکات کە کۆنگرێس دەیکات. پەسەندکردنی ئەم پڕۆژە یاسایە پەیامێکی بەهێز دەنێرێت سەبارەت بە هێزی سەرکردایەتی ئەمەریکا لە ساتێکی هەستیاردا. بەڕێوبەرایەتییەکە داوا لە هەردوو ئەنجومەنەکەی کۆنگرێس دەکات بە خێرایی ئەم پاکێجە بگەڕێننەوە بۆ سەر مێزی سەرۆک."

ڕۆژی هەینی مایک جۆنسنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا وتی " ئەوە پڕۆژە یاسایەکی زۆر تەواو نیە، ئەوە پڕۆژە یاسایەک نیە کە پێشنیاری بکەین ئەگەر ئێمە زۆرینە بووینایە لە هەردوو ئەنجومەنەکەدا، ئەنجومەنی سینات و ئەنجومەنی نوێنەران. ئەمە باشترینە کە توانیبێتمان لە ژێر ئەم هەلومەرجەی ئێستادا دایبنێین بۆ گرنگیدان بەم بەرپرسیارێتییە گرنگانە."

هەندێک لە کۆمارییەکان بە توندی دژایەتی یارمەتیدانی زیاتری ئۆکرانیایان کردووە، بەردەوامیش باسییان لە دوورخستنەوەی جۆنسن کردووە، جۆنسن لە مانگی 10 دا وەکو سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هەڵبژێردرا، دوای ئەوەی کێڤن مککارثی کۆماریی لەلایەن کۆمارییە توندەکانی پارتەکەیەوە دوورخرایەوە.

بەڵام بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دانۆڵذ ترامپ کە کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لە پارتی کۆمارییەکاندا، لە 12 ی مانگی چواردا پشتگیری خۆی بۆ جۆنسن دەربڕی، ڕۆژی پێنجشەممەش لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وتی ڕزگاربوونی ئۆکرانیا گرنگە بۆ ئەمەریکا.

پڕۆژە یاساکە 60.84 ملیار دۆلار بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا تەرخان دەکات، 23 ملیار دۆلاریش بۆ نوێکردنەوەی چەک و کۆگا و دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمەریکا تەرخان کراوە، 9.1 ملیار دۆلاریش بۆ پێویستییە مرۆییەکان و 8.12 ملیار دۆلاریش بۆ ناوچەی ئیندۆ پاسێفیک تەرخان کراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG