Accessibility links

سەرۆک ترامپ دەبێتە یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا کە دوو جار ئمپیچ بکرێت


بۆ جاری دووەم ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بڕیاری ئمپـیچکردنی سەرۆک ترامپی دا و بەمەش بوو بە یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا کە دوو جار ئمپیچ بکرێت.

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پاش نیوەڕۆی چوارشەممە بە دەنگی 232 بەرامبەر 197 دەنگ ترامپی ئمپیچکرد بە تۆمەتی "هاندان بۆ یاخیبوون" . لە نێو ئەوانەی دەنگیان لە دژی ترامپ دا 10 ئەندامیان کۆماری بوون، وە 4 ئەندامی دیکەی کۆماریش دەنگیان نەدا.

بەمە سەرۆک ترامپ ناوی چووە مێژووی وڵاتەکەوە کە لە پاش 245 ساڵ لە مێژووی ئەمەریکا 45 هەمین سەرۆکی وڵاتەکە لە ماوەی چوار ساڵی خولی سەرۆکایەتیـیەکەی دوو جار ئمپیچ کرا.

بەر لە دەنگدانەکە بۆ چەند کاتژمێرێک مشتومڕی نێوان ئەندامانی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات زۆر توندبوون.

کیڤن مەکارثی ڕێبەری کۆماریـیەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران گوتی تۆمەتبارکردنی سەرۆک هەفتەیەک بەر لەوەی کۆتایی بە خولی سەرۆکایەتیـیەکەی بێت هەڵەیە. گوتیشی هیچ لێکۆڵینەوە و دانیشتنێک نەکراوە و هەروەها ئەنجومەنی سینات گوتویەتی پـرۆسەی لێپـێچینەوە لە ترامپ پـێش دەستبەکاربوونی جۆو بایدن دەستپـێناکات.

جێم جۆردن ئەندامی کۆماری ئەویش لای خۆیەوە دیموکراتەکانی تۆمەتبارکرد بەوەی لە مێژەوە ویستوویانە سەرۆک ترامپ ئمپیچ بکەن. گوتی 19 خولەک پاش ئەوەی سەرۆک ترامپ چوار ساڵ لەمەوبەر دەسەڵاتی گرتەدەست ڕۆژنامەی واشنتن پـۆست نووسی هەڵمەتی ئمپیچکردنی سەرۆک ترامپ دەستیپـێکرد.

خانم لز چەینی ئەندامی کۆماری ئەنجومەنەکە گوتی هیچ ڕووی نەدەدا ئەگەر سەرۆک نەبوایە، وە سەرۆک دەیتوانی دەستبەجێ و بە تەواوی هێزیـیەوە بێتە مەیدانەوە بۆ ڕاگرتنی توندوتیژیـیەکان، بەڵام نەیکرد. گوتی چ خیانەتێکی لەوە گەورەتر هەیە سەرۆک بیکات لەو سوێندە دەستوریـیەی خواردویەتی.

لە پاش تەواوبوونی پـرۆسەی دەنگدانەکە، خانم نانسی پڵوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاری ئمپیچکردنەکەی واژوکرد و گوتی ئەنجومەنی نوێنەران ئەمڕۆ گوتی" هیچ کەسێک لە سەروو یاساوە نیـیە تەنانەت سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانیش."

بەپـێی دەستوری ئەمەریکا تەنیا ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانێت سەرۆک ئمپیچ بکات، وە ئەنجومەنی سینات دەتوانێت لێپـێچینەوەی لەگەڵدا بکات و لەوێ بڕیار دەدرێت سەرۆک تاوانبارە یان نا.

تێبینی: ئمپیچ وشەیەکی لاتینیـیە و لە کوردیدا وشەیەک نیـیە لە بەرامبەریدا، بەو پـێـیەی پـرۆسەیەکە بریتیـیە لە تۆمەتبارکردنی دەسەڵاتدارێک لەلایەن نوێنەرانی خەڵکەوە و پاشان بڕیاردان لەسەر لێپـێچینەوە لەگەڵیدا.

XS
SM
MD
LG