Accessibility links

کاربەدەستێکی ئەمەریکا: ڕۆژانە نزیکەی 15 گومانباری تێرۆرست هەوڵ دەدەن بێنە وڵاتەکەوە


وەزیری ئاسایشی نشتیمانی ئەمەریکا دەڵێت ڕۆژانە نزیکەی 15 تێرۆرست یان گومانباری تێرۆرست هەوڵ دەدەن بێنە ناو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە.

خانم کێرستن نێڵسن لە چاوپـێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی Fox News ی ئەمەریکایی ئەمەی ئاشکراکرد و گوتی ئەمانە هەوڵ دەدەن لە ڕێگەکانی وشکانی و ئاسمانی و دەریایی خۆیان بکەن بە نێو ئەمەریکادا، بەڵام ئاگاهی دا کە ڕەنگە هەوڵیش هەبن بۆ ئەوەی لە ڕێگەی سنوورەکانی باشوری ڕۆژئاوای وڵاتەکە دزبکەنە ناو ئەمەریکا، واتە لە ڕێگەی سنوورەکانی ئەمەریکا لەگەڵ مەکسیکدا.

کێرستن نێڵسن گوتیشی گروپە تێرۆرستیـیەکان لە ڕێگەی ئنتەرنێتەوە هانی لایەنگرانیان دەدەن بە بە چەکی تایبەتی خۆیان یان بە ئۆتۆمبیل و ماشێن یاخود چەقۆ هێرش بکەنە سەر خەڵکی و ئاژاوە بنێنەوە.

پاشان پەسنی بڕیارەکەی سەرۆک ترامپی دا بۆ قەدەغەکردنی گەشتی هاوڵاتیانی چەند وڵاتێک بۆ ئەمەریکا، گوتی "ئەمە کارێکی پـێویستە، چونکە ئەمەریکایـیەکان چاوەڕێی ئەوە لە حکومەتەکەیان دەکەن کە دڵنیایان بکاتەوە لەوەی ئەوانەی دێنە ناو ئەمەریکاوە بەنیاز نین هیچ زیانێکیان پـێبگەیەنن."

هاوکات جەیمس واتەرز سەرۆکی بەشی دژە تێرۆر لە پـۆلیسی شاری نیویۆرک بە کەناڵەکەی گوتووە لەوەتای هێرشە تێرۆرستیـیەکانی 11 ی سێپتەمبەر توانیویانە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی توند زیاتر لە 20 هەوڵی تێرۆرستی لە دژی شارەکەیاندا پـوچەڵ بکەنەوە.

XS
SM
MD
LG