Accessibility links

بڕیارە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا دەنگ بدات بۆ گۆڕینی یاسای بیمەی تەندروستی

  • VOA News

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ئەمڕۆ پـێنجشەممە دەنگ دەدات لەسەر پـرۆژە بڕیارێـک بۆ هەڵوەشاندنەوە و گۆڕینی یاسای بیمەی تەندروستی ئێستای وڵاتەکە کە بە ئۆباماکێر ناسراوە.

کێڤن مەکارثی ڕێبەری زۆرینەی کۆماری لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت پـێیوایە لە ئێستادا بەشی پەسەندکردنی پـرۆژە بڕیارەکە دەنگی پشتیوانیان هەیە لە نێو کۆماریـیەکانی هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و سیناتدا، ئەمەش پاش ئەوەی لە هەوڵێـکی هاوشێوەدا لە کۆتایی مانگی سێ کۆماریـیەکان شکستیان هێنا.

ڕێبەرانی کۆماری بە سەرۆک ترامپیشەوە چەندان ڕۆژە کاردەکەن بۆ قایلکردنی یاسادانەران تاوەکو دەنگ بە پـرۆژە بڕیارەکە بدەن.

دوو لە کۆماریـیەکانی نێو ئەنجومەنی نوێنەران کە بە میانڕەوی ناسراون، فرێد ئۆپـتن و بێڵی لۆنگ، ڕۆژی چوارشەممە گوتیان پـشتیوانی لە پـرۆژە بڕیارەکە دەکەن پاش ئەوەی لەگەڵ کۆشکی سـپی پـرۆژەکەیان هەموارکردووە. بەپـێی ئەو هەموارکردنە دەبێت بۆ 5 سـاڵ 8 ملیار دۆلار دابینبکرێت بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی پـێشتر بڕیار لەسەر پلانی بیمەی تەندروستیـیان دراوە.

فرێد ئۆپـتن کە لەوەتای یاسای بیمەی تەندروستی ناسراو بە ئۆباماکێر لە ساڵی 2010 وە پەسەندکراوە، چەندان پـرۆژەی یاسای بۆ گۆڕینی پـێشنیارکردبوو، دەڵێت ئەم هەموارکردنەی لە پـرۆژە یاساکەدا کراوە ئەنجامی باشی دەبێت.

نانسی پلوسی ڕێبەری کەمینەی دیموکرات لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت سەرەڕای ئەو هەموارکردنە، بەڵام هێشتا بە ملیۆنان ئەمەریکایی دەمێنـنەوە کە ناتوانن پارە بۆ چارەسەرکردنی گرفتە تەندروستیـیەکانیان دابین بکەن.

شان سپایسەر گوتەبێژی کۆشکی سـپی دوێنێ چوارشەممە گوتی سەرۆک ترامپ هیوادارە دەنگی پـێویست هەبن بۆ پەسەندکردنی پـرۆژە بڕیارەکە.

XS
SM
MD
LG