Accessibility links

قوتابخانەکانی ئەمەریکا پارێزراو نین لە زیادبوونی تاوانەکانی ڕق و کینە


قوتابخانەکان لە ئەمەریکا بە دوور نەبوون لە زیادبوونی بەرچاویی ئەو تاوانانەی کە لە ڕق و کینەوە سەرچاوەیان گرتووە و سەرانسەری وڵاتەکەیان گرتووەتەوە.

ڕۆژی دووشەممە دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتێکی نوێدا دەڵێت لە %10 ی هەموو تاوانەکانی ڕق و کینە لە ئەمەریکا لە ساڵی 2022 دا لە قوتابخانەکاندا ئەنجام دراون، ئەمەش وادەکات قوتابخانەکان سێهەمین باوترین شوێن بن بۆ ئەو جۆرە تاوانانە.

تەنها لە ماڵەکان و شەقام یاخود کۆڵانەکاندا تاوانەکانی ڕق و کینە زیاترن لە قوتابخانەکان. لە %27 ی ئەو تاوانانە لە ماڵەکاندا بوون و لە %16 ی لە شەقام یاخود کۆڵانەکاندا بوون.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە دەڵێت لە ساڵی 2020 ەوە تاوەکو ئێستا ژمارەی تاوانەکانی ڕق و کینە لە قوتابخانەکاندا، لە خوێندنی پێش قوتابخانەوە تاوەکو زانکۆ، بەردەوام لە زیادبووندا بووە. لەو ساڵەدا 500 حاڵەتی تاوانی ڕق و کینە لە قوتابخانەکاندا تۆمار کران. لە ساڵی 2021 دا، ژمارەی تاوانەکان لە قوتابخانەکاندا بەرز بووەوە بۆ 896 حاڵەت، بەڵام لە ساڵی 2022 دا ئەو ژمارەیە بەرز بووەوە بۆ 1300 حاڵەت.

بەرپرسانی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمەریکا دەڵێن زیادبوونی ئەو ڕێژەیە بە بەردەوامی و بە جێگیریی جێی نیگەرانییە، بە گشتی ژمارەی ڕووداوەکانی تاوانی ڕق و کینە لە ساڵی 2022 دا بەرز بووەوە بۆ 11,643 حاڵەت، ساڵی 2021 ژمارەکە نزیکەی 11000 حاڵەت بووە.

ڕاپۆرتەکەی ڕۆژی دووشەممەی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمەریکا ڕاپۆرتێکی نموونەیی بووە و بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە ڕاپۆرتانە لەلایەن دەزگاکەوە شتێکی باو نیە. بەرپرسانیش دەڵین هێشتا ڕوون نیە کە ئایا لە داهاتوودا ڕاپۆرتی زیاتری لەو جۆرە لەسەر تاوانەکانی ڕق و کینە لە قوتابخانەکاندا بڵاودەکەنەوە یاخود نا.

بەرپرسێکی دەزگاکە بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئامانج لە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکەدا ڕاکێشانی سەرنجەکانە بۆ داتاکان و ڕووداوەکانی تاوانەکانی ڕق و کینە لە قوتابخانەکاندا. دەرفەتێک دەدات بەوانی دیکە وەڵام بدەنەوە."

وتیشی " ئەمە دۆخێکە کە تێیدا دەزگاکە دەیەوێت دەستبەجێ کاری لەسەر بکات. بەڵام لە ڕێی دابینکردنی زانیارییەکانەوە، پێمان وایە ئەوە یارمەتی پۆلیسیش دەدات هەمان شت بکەن."

ڕاپۆرتەکە کە تەنها باسی لە داتاکانی ساڵەکانی نێوان 2019 بۆ 2022 کردووە، ئاشکرای کردووە کە باوترین جۆری تاوانی ڕق و کینە ترساندن بووە، دوای ئەویش تاوانی تێکدان و هێرشکردن دێن.

باوترین جۆرەکانی تاوانی ڕق و کینە تاوانەکانی دژ بە ڕەشپێستەکان بووە ( %12.6)، دواتر تاوانەکانی دژ بە جووەکان دێت ( %5.6)، دوای ئەویش تاوانەکانی دژ بە هاوڕەگەزخوازان دێت ( %2.6).

تاوانەکانی دژ بە موسوڵمانەکانیش لە %0.5 بووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە دەڵێت تاوانەکانی ڕق و کینە لە قوتابخانەکاندا لە مانگەکانی 10 و 11 و 12 دا زیاتر بووە، سێیەکی ئەو تاوانانە لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا ڕوویانداوە.

بە گشتی ڕاپۆرتەکە دەڵێت زیاتر لە %30 ی ئەو منداڵانەی کە بوونەتە قوربانی تاوانەکانی ڕق و کینە لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا لە قوتابخانەکاندا بوون. نزیکەی لە %36 ی تاوانەکان لە قوتابخانەکاندا ئەنجام دراون.

نزیکەی دوو لەسەر سێی ئەو تاوانانەی کە ڕاپۆرت کراون لە خوێندنی پێش قوتابخانە و قوتابخانەی سەرەتایی و ئامادەییدا بوون.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG