Accessibility links

بەرپرسێک: دەبێت وڵاتانی کەنداو بیر لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا بکەنەوە کاتێک مامەڵە لەگەڵ چیندا دەکەن


بەرپرسێکی ئەمەریکی وتی پێویستە لەسەر وڵاتانی کەنداو کاتێک مامەڵە لەگەڵ چیندا دەکەن بیر لە پەیوەندییەکانیان بکەنەوە لەگەڵ ئەمەریکادا، لەکاتێکدا گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زیاد بووە.

وڵاتانی کەنداوی عەرەبی پەرەیان بە پەیوەندییەکانیان داوە لەگەڵ چیندا تاوەکو سەرمایەیان لە بواری تەکنەلۆجیا و شتی دیکەدا دەست بکەوێت و تەنها پشت بە بواری وزە نەبەستن.

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیڤد شێنکر وتی " پێویستە لەسەر ئەم وڵاتانە بیر لە بەهای هاوبەشییەکەیان بکەنەوە لەگەڵ ئەمەریکادا."

وتیشی " دەمانەوێت وڵاتە هاوبەشەکانمان ئەو بەرپرسیارێتیانەی هەیانە لەبەرامبەرماندا جێبەجێی بکەن."

جێی ئاماژەیە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لۆمەی چینی کرد لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەڕێوبەرایەتییەکەی تاوتوێی سزادانی پەکین دەکات بەهۆی شێوازی مامەڵەکردنی چینەوە لەگەڵ پەتاکەدا.

هەندێک لە بەرپرسانی وڵاتانی کەنداو پێشوازییان لە هەوڵەکانی چین کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا.

لەمدواییانەدا چین هەوڵە سیاسییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چڕترکردۆتەوە، لەکاتێکدا چین شارەزا و کەلوپەلی تەندروستی ڕەوانەی سەرتاسەری جیهان دەکات و هەندێک لە وڵاتانی کەنداو و ئیسڕائیلیش بێبەش نەبوون لەو یارمەتییانە.

بەرپرسە ئەمەریکییەکە وتیشی دەبێت وڵاتانی ناوچەکە ئاگادار بن لەو یارمەتییانەی چین دەینرێت.

ئاماژەشی بەوەدا ترس و دڵەڕاوکێ هەیە لەسەر ئەوەی کۆمپانیای هواوی چینی دەیەوێت بەشێک لە ژێرخانی ئابووری بۆ تۆڕی نەوەی پێنج لە ناوچەیەکی کەنداو دابمەزرێنێت کە لەو ناوچەیەدا کەشتیگەلی هێزی دەریایی ئەمەریکا و گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمەریکای لە ناوچەکەدا تیادایە.

وتیشی ئەوە پەیوەندییەکانی نێوان هێزەکانی ئەمەریکا و کەنداو قورس دەکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG