Accessibility links

عومان بە ڕەوانەکردنی 10 زیندانکراوی نێو بەندیخانەی گوانتانامۆ بەی بۆ وڵاتەکەی قایل دەبێت


سەڵتەنەتی عومان دەڵێت قایل بووە 10 زیندانکراوی نێو بەندیخانەی گوانتانامۆ بەی ئەمەریکا لە کوبا بۆ وڵاتەکەی ڕەوانەبکرێن.

وەزارەتی دەرەوەی عومان ئەمڕۆ دووشەممە لە بەیانـنامەیەکدا گوتی ڕەوانەکردنی ئەم کەسانە بۆ وڵاتەکەی لەسەر داوای حکومەتی ئەمەریکا بووە بە مەبەستی یارمەتیدان لە چارەسەرکردنی کێشەی زیندانیکراوانی نێو گوانتانامۆ بەی.

ناو و ڕەگەزنامەی کەسەکان ئاشکرا نەکراون، بەڵام بەیانـنامەکە ئاماژە دەکات مانەوەی ئەم کەسانە لە عومان بۆ ماوەیەکی کاتیـیە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە براک ئۆباما کاتێـک لە مانگی یەکی ساڵی 2009 پـۆستی سەرۆکایەتی گرتەدەست، بەڵێنی دا ئەم بەندیخانەیەی لە باشوری ڕۆژهەڵاتی کوبایە دابخات، گوتی ئەم بەندیخانەیە ڕەنگدانەوەی بەهاکانی ئەمەریکایـیەکان نیـیە، ئەمەش بەهۆی زۆرێـک لە زیندانیکراوەکانی ناو بەندیخانەکە بۆ چەندان ساڵ لەوێ دەسـتگیرکرابوون بەبێ ئەوەی دادگایی بکرێن. هەندێـکیشیان ئەشکەنجە درابوون.

چاودێران دەڵێن ڕەنگە بەڕێوەبەرایەتی ئۆباما لە دوا ساتەکانی حوکمڕانیـیەکەی ژمارەی زیاتر ئازادبکات، بەڵام ئاشتون کارتەر وەزیری بەرگری هەفتەی ڕابردوو گوتی پـێشبینی ناکات زیندانیکراوی زیاتر لە گوانتانامۆ ئازادبکرێن.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا لە میانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا گوتی بەندیخانەی گوانتانامۆ داناخات و خوازیارە هەندێـک کەسی خراپی لێ دابنێت.

ئەمەریکا بەر لە شۆڕشی کۆمونیستی فیدڵ کاسترۆ، گوانتانامۆی بە کرێ لە کوبا گرت. لە سەردەمی سەرۆک جۆرج بوش لە پاش هێرشە تێرۆرستیـیەکانی 11 ی سێپتەمبەری ساڵی 2001 کرا بە ناوەندێـکی دەسـتگیرکردن. بەندیخانەکە کرایە شوێنی ئەو کەسانەی لە ئەفغانسـتان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەسـتگیرکرابوون بە تۆمەتی پەیوەندی بە قاعیدە و گروپە تێرۆرستیـیەکانی دیکە.

ژمارەی دەسـتگیرکراوەکان لە بەندیخانەکە گەیشتە 779 کەس، بەڵام کاتێـک سەرۆک بوش ماوەی سەرۆکایەتیـیەکەی تەواوبوو و سەرۆک ئۆباما دەسـتبەکاربوو، ژمارەکە بۆ نزیکەی 500 کەس دابەزیبوو.

سەرۆک ئۆباما ژمارەی دەسـتگیرکراوانی نێو بەندیخانەکەی زۆر کەمکردەوە. هەندێـکیانی ڕەوانەی وڵاتەکانی خۆیان کردەوە هەتا لەوێ دادگایی بکرێن و هەندێکیشیانی بۆ وڵاتانی دیکە ڕەوانەکرد و ژمارەیەکیشی ئازادکرد. تەنها کەمتر لە 50 زیندانیکراو لەوێ ماونەتەوە.

هەرچەندە ئامانجی سەرۆک ئۆباما داخستنی بەندیخانەکە بوو، بەڵام کۆمەڵێـک کۆسپی سیاسی و یاسایی ڕێگربوون.

XS
SM
MD
LG