Accessibility links

ئەمەریکا فڕۆکەی هێلیکۆپتەر دەداتە ئەردەن بۆ پارێزگاریکردن لە ئاسایشی سنوور


هێزی بڵاوبوونەوەی خێرای ئەمەریکا لە ئەردەن فڕۆکەی هیلیکۆپتەر لە جۆری بلاوک هۆکی دایە ئەردەن بە مەبەستی باشکردنی بەرگریکردن و پاراستنی سنوورەکانی ئەردەن و بەشداریکردن لە ئەرکەکانی دەرەوەی سەر سنوورەکە دژی چەکدارانی ڕێکخراوی داعش لە ناوچەکەدا.

بەرپرسانی ئەمەریکی دەڵێن یارمەتییە سەربازییەکان بۆ ئەردەن یەکێکە لە گەورەترین یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ دەرەوە، کە یارمەتی بنیادنانی توانا سەربازییەکانی ئەردەن دەدات لە چوارچێوەی ستراتیژییەتێکی هەرێمیی فراوانتردا.

جێی ئاماژەیە واشنتن ڕایگەیاندبوو کە بەنیازە لە سوریادا بمێنێتەوە دوای شکستپێهێنانی داعش و بنکەی سەربازیی هەیە لە بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە کە ئێستا جەنگ وێرانی دەکات.

لە مەراسیمی پێشکەشکردنەکەدا کە سەرکردەی هێزەکانی ناوەند جەنەڕاڵ جۆزێف ڤۆتێڵ و سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی ئەردەنی فەریق ڕوکن مەحمود فەریحات ئامادە بوون، فڕۆکەکان لە چوارچێوەی ڕزگارکردنی دیلەکان کە هێزە تایبەتییەکان ئەنجامی دەدەن نیشتنەوە.

هەڵسوڕاوی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئەردەن هێنری وستەر لە مەراسیمەکەدا کە لە بنکەی مەلیک عەبدوڵای ئاسمانی بەڕێوەچوو کە نزیکەی 35 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی پایتەختەوەیە وتی " ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هێشتا پابەندە بە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی هێزی ئاسمانی ئەردەن بۆ پاراستنی سنووری ئەردەن و بەرپەرچدانەوەی کردەوە تیرۆریستییەکان و بەشداریکردن لە ئەرکەکانی هێزەکانی هاوپەیماناندا بۆ شکستپێهێنانی داعش."

وستەر وتیشی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە ساڵی 2017دا ساڵانە 470 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەردەن تەرخان کردبوو و هەروەها دابینکردنی مەشق و ڕاهێنانەکان و هەروەها دابین کردنی کەرتی چەک و فڕۆکەی هێلیکۆپتەر لە جۆری بلاک هۆک کە ژمارەکەیان دەگاتە 12 فڕۆکە.

مەبەست لە یارمەتییە سەربازییەکان کەمکردنەوەی ئەو ترسانەیە کە پاشای ئەردەن مەلیک عەبدوڵا لە ساڵی ڕابردوودا دەریبڕیبوو بۆ بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا باراک ئۆباما و گەورە بەرپرسانی ئەمەریکی سەبارەت بە کەمی کۆمەکییە سەربازییەکان و وەڵامدانەوەی یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکان لە ناوچەکەدا.

دواتر ڤۆتێلی سەرکردەی هێزەکانی ناوەند بە تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنی وت ئەردەن هاوپەیمانێکی بەهێزی ئەمەریکایە و هاوبەشێکی سەرەکیی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکایە لە ناوچەکەدا.

ڤۆتێل وتی " چەند ساڵێکی زۆرە ئەردەن هاوبەشێکی زۆر باش بووە، پێم وایە ئەوەی ئەمڕۆ لێرە دەیبینن دەرخستنی پێگەیشتنی پەیوەندییەکانمانە."

جێی ئاماژەیە ئەردەن یەکێکە لەو وڵاتە عەرەبییە کەمانەی کە لەگەڵ هاوپەیماناندا بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بەشدار بووە لە هێرشە ئاسمانییەکاندا بۆ سەر چەکدارانی ڕێکخراوی داعش.

هێلیکۆپتەرەکان کە لە جۆری بلاک هۆکن ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینن لە هێزی وەڵامدانەوەی خێرادا کە ئەمەریکا کۆمەکی دەکات و ئەردەن پێکیهێناوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی داعش کە هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر وڵاتەکە سەرەڕای ئەوەی لە خاکێکی گەورەی سوریا و عێراقی دراوسێدا دەرکراون.

وستەر وتی " هێزەکە دەتوانێت هێزەکان و پێداویستییەکان لە هەرشوێنێک بێت بە خێرایی بگوازێتەوە و دەتوانێت ئاسایشی سنوورەکان بپارێزێت و بەرپەرچی هەر دزە کردنێک یاخوود هێرشێک بداتەوە."

جێی ئاماژەیە ئەمەریکا موشەکی پاتریۆتی لە ئەردەن بڵاوکردۆتەوە و سوپای ئەمەریکا سەدان ڕاهێنەری هەیە لە وڵاتەکەدا.

شوێنی جوگرافیان ئەردەن شوێنێکی نموونەییە بۆ ئەمەریکا.

سەرکردەی کەرتی گواستنەوەی ئاسمانی ئەردەنی عەمید جابر عەبادی وتی " پەیوەندیی هاریکارییە سەربازییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئەردەن ستراتیژیین و پتەون و بە لایەنێکی بەهێز دادەنرێت لە هەوڵە هاوبەشەکاندا بۆ بەرەنگاربوونەوە ڕێکخراوی داعشی تیرۆریستی."

سیاسەتمەدارێکی ڕۆژئاواش وتی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بەنیازە سەدان ملیۆن دۆلار تەرخان بکات بۆ فراوانکردن و نوێکردنەوەی بنکەی ئاسمانی مۆفەق سەڵتی لە بەشی باکووری وڵاتەکە کە دەکاتە نزیک سنووری نێوان سوریا و ئەردەن.

بەرپرسانی ئەردەنیش ئەو هەواڵانەیان پشتڕاستکردەوە کە ئەمەریکا بەنیازە بەرنامەی یارمەتییە سەربازییەکان بۆ ئەردەن فراوانتر بکات.

عەمید عەبادی وتیشی " ئەردەن کار دەکات بۆ بەهێزکردنی تواناکانی لەڕێی هاریکاریی سەربازییەوە لەگەڵ سوپای ئەمەریکادا بەتایبەتی هێزی ئاسمانی ئەردەنی."

لە سەرەتای دەستپێکردنی ناکۆکییەکانەوە لە سوریا لە ساڵی 2011 دا، واشنتن ملیۆنان دۆلاری تەرخان کردووە بۆ ئەردەن بۆ بنیادنانی سیستمی چاودێری ورد بۆ چاودێریکردنی سنووری ئەردەن لەگەڵ عێراق و سوریادا تاوەکوو چەکدارە توندڕەوەکانی داعش دزە نەکەنە وڵاتەکەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG