ناوەندەکانی کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشییەکانی ئەمەریکا و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئامۆژگاری هاوڵاتیانیان کرد گەشت بۆ ئەڵمانیا و دانیمارک نەکەن، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتانەدا.
ناوەندەکانی کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشییەکانی ئەمەریکا پێشنیارەکانی بۆ گەشتکردنی بۆ دوو وڵاتی ئەوروپی بەرزکردەوە بۆ " ئاستی چوار: زۆر بەرز " ، بە هاوڵاتیانی ئەمەریکای وت خۆتان بەدووربگرن لە گەشتکردن بۆ ئەو دوو وڵاتە، هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش ئامۆژگاری هاوڵاتیانی کرد " گەشت نەکەن " بۆ ئەو دوو وڵاتە.
لە ئێستادا ناوەندەکانی کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشییەکانی ئەمەریکا 75 وڵاتی لە ئاستی چواردا داناوە، زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپی وەکو ئوستریا و بەڕیتانیا و بەلجیکا و یۆنان و نەرویج و سویسرا و ڕۆمانیا و ئێرلەندا و چیکی تێدایە.
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ بە بەرپرسانی حیزبەکەی وت کۆمەڵێک ڕێوشوێن گیراوەتەبەر بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا.
حاڵەتەکانی توشبوون لە نێو ئەو هاوڵاتیە بەتەمەنانەدا کە لە سەرەتای ئەمساڵدا هەردوو ژەمە ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە زیادیکردووە، هەروەها لەنێو ئەو منداڵانەشدا کە هێشتا ناتوانن ڤاکسین وەربگرن.
لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی وتی وڵاتانی ئەوروپا دەبێت کاری زیاتر بکەن بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەکاتێکدا حاڵەتەکانی توشبوون و گیان لەدەستدان زیادییان کردووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز