جەنەڕاڵێکی ئەمەریکا لە ماوەی سەردانێکیدا بۆ زیندان و کامپەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە چەکدارانی داعش و خزمەکانیانی تیادا زیندانیکراوە وتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی مەترسیی " سوپایەکی ڕێکخراوی داعش لە زیندانەکاندا " بۆتەوە.
سەرکردایەتی ناوەندی سوپای ئەمەریکا وتی بەرپرسی سەرکردایەتی ناوەندی سوپای ئەمەریکا جەنەڕاڵ مایکڵ کوڕیلا لەم هەفتەیەدا سەردانی چەندین زیندانی کردووە لە ناوچەکەدا، بە زیندانی غواریانیشەوە کە دەکەوێتە شاری حەسەکەوە، کە لەوێ ساڵی ڕابردوو لە هێرشێکدا بۆ سەر زیندانەکان سەدان کەس کوژران.
کوڕیلا لە بەیاننامەیەکدا وتی " لە سەردانیکردنی ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا، مەترسیی ئەم کۆمەڵە چەکدارە دەستبەسەرکراوەی داعشم بینی."
وتی " لە نێو ئەوانەی لە سوریا دەستبەسەرکراون و ئەوانەی لە عێراق دەستبەسەرکراون، سوپایەکی ڕاستەقینەی داعش هەن لە زینداندا کە ئەگەر ئازاد بکرێن ئەوا دەبنە هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکەش."
هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکاوە پشتیوانییان لێدەکرێت، ڕابەرێتی شەڕی دژ بە داعشییان کردووە لە سوریادا. دەیان هەزاران کەس بە خزمانی چەکدارە داعشەکانیشەوە لە کامپەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکاندا دەستبەسەرکراون، بە کامپی ئەل هۆلیشەوە کە نزیکەی 10,000 داعشی بیانی تێدا دەستبەسەرکراوە.
بەرپرسانی کورد لە سوریا چەند جارێک داوایان لە وڵاتان کردووە هاوڵاتییانی خۆیان ببەنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، بەڵام حکومەتە بیانییەکان تەنها ڕێگەیان بە کەمێکیان داوە بگەڕێنەوە، ئەوەش لە ترسی مەترسییەکان لەسەر ئاسایشیان.
سەرکردایەتی ناوەندی سوپای ئەمەریکا وتی فەرماندەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و کارگێڕەکانی زیندانی غواریان دەڵێن زیندانییەکان " پەشیمان نین و دەکرێت توندڕەوتر بن و بۆمبێکی کاتین."
کوڕیلا سەردانی کامپەکانی ڕۆژ و ئەل هۆلیشی کردە کە لە ژێر دەسەڵاتی کوردەکاندان، خزمانی چەکدارەکانی داعش لەو کامپانەدان.
وتی " منداڵان لە کامپی ئەل هۆل ڕۆژانە لە مەترسی ئەوەدان ئاشنا بکرێن بە توندوتیژی." وتیشی هەرزەکاران و بیانییەکان " ئارەزووی خۆیان دەربڕیوە بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتانی خۆیان."
کوڕیلا داوای کرد " دانیشتوانی کامپەکە بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان و چاکسازییان تێدا بکرێت و لەگەڵ کۆمەڵگەکانی خۆیاندا یەکبخرێنەوە."
وتیشی " شەڕکردن دژی جیهادییەکان " شەڕکردنە بۆ ئاسایش و سەقامگیری نەک تەنها سوریا و عێراق بەڵکو سەرانسەری ناوچەکەش."
وتیشی " بە دڵنیاییەوە ناتوانین ڕێگە بە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش بدەین."
سەرچاوە/ فرانس پرێس