Accessibility links

سەرۆکی ئەرکانی لەشکری ئەمەریکا دەگاتە عێراق


جەنەراڵ مارک مێڵی سەرۆکی ئەرکانی لەشکری ئەمەریکا گەیشتە عێراق، ئەمەش لەنێوەندی خۆپیشاندانەکان دژی حکومەتەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و پرسی ئەوەی تا چ ڕادەیەک ئەم خۆپیشاندانانە کاریگەری لەسەر دەسەڵاتی ئێران دەبێت لە ناوچەکەدا.

لە سەرەتای مانگی 10 دا خۆپیشاندانەکانی عێراق دژ بە حکومەت دەستی پێکرد و بووە گەورەترین خۆپیشاندان لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن لە ساڵی2003 دا.

لەلایەکی دیکەوە بۆ ماوەی پێنج هەفتەیە هاوڵاتیانی لوبنان دژی حکومەت خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن بەهۆی توڕەبوونیان لە گەندەڵی لەنێو سیاسەتمەدارانی وڵاتەکەدا.

هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەوەی ناوخۆی ئێرانیشەوە، بتوانن هەلێک بدەنە ئەمەریکا تاوەکو دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەکەدا کەم بکەنەوە. بەڵام هۆشیاریشیانداوە لەوەی ئەم خۆپیشاندانانە لەوانەیە زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکاش بگەیەنێت.

زیاتر لە 5000 سەربازی ئەمەریکی لە عێراقدا بوونیان هەیە بەمەبەستی پشتیوانیکردنی هێزە ناوخۆییەکان، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی عێراق لەکاتی کشانەوەی ئەمەریکادا لە باکووری سوریا ڕەتی کردەوە ئەمەریکا بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە وڵاتەکەدا بمێنێتەوە.

هەروەها ترسی ئەوەش هەیە ئێران بە بەکارهێنانی هێزی سەربازی وەڵامی هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا بداتەوە لە ناوچەکەدا تاوەکو ئەو فشارانەی خراونەتە سەری بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە کەمیان بکاتەوە.

مارک مێڵی لەم هەفتەیەدا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئێران بە نهێنی و بە ئاشکرا دوژمنکارییانە مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا دەکات."

وتیشی " ئایا لە داهاتوودا بەردەوام دەبن لەسەر ئەمە؟ نازانم، دەمەوێت بڵێم نەخێر، بەڵام بەدڵنیاییەوە لەوانەیە ئەوان بەردەوام بن."

مێڵی کە لە مانگی نۆدا ئەم پۆستەی وەرگرت، یەکەمین سەردانییەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەگەڵ هاوپەیمانانی ئەمەریکا لە ناوچەکە کۆدەبێتەوە. ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلماندا کۆبۆوە.

لەلایەکی دیکەوە ئەمەریکا لەم مانگانەی دواییدا نزیکەی 3000 سەربازی لە سعودیە جێگیر کرد بەمەبەستی بەهێزکردنی بەرگری ئەو وڵاتە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG