Accessibility links

ئەمەریکا پڕۆژە بڕیارەکەی فەڕەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەت دەکاتەوە


نوێنەری ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس
نوێنەری ئەمەریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس

شاندی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی " پشتیوانی هیچ جوڵەیەک ناکەین کە پێمان وایە هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان فەڵەستینیەکان و ئیسڕائیل لەناودەبات "، ئەوەش لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دەستپێشخەرییەکەی فەڕەنسا بۆ دەرکردنی بڕیارێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیەوە لەسەر ئەو بابەتە.

ڕۆژی سێشەممە فەڕەنسا پڕۆژە بڕیارێکی پێشکەش کرد، دیبلۆماتکاران وتیان وابڕیارە ڕۆژی چوارشەممە ڕەشنووسی پڕۆژە بڕیارەکە بەسەر ئەندامانی ئەنجومەنەکەدا دابەش بکرێت.

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان ئیڤ لۆدغیان وتی هیوادارە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بتوانن بەزووترین کات دەنگ لەسەر پڕۆژە بڕیارەکە بدەن. بۆ پەسەندکردنی هەر بڕیارێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، پێویستە 9 وڵات لە بەرژەوەندیی پڕۆژەکە دەنگ بدەن بەبێ ئەوەی هیچ کام لە ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنەکە مافی ڤیتۆ دژی بڕیارەکە بەکاربهێنن، ئەوانیش ڕوسیا و چین و فەڕەنسا و ئەمەریکا و بەڕیتانیان.

هەمیشە ئەمەریکا ئیسڕائیلی هاوپەیمانی لە نەتەوە یەکگرتووەکان پاراستووە، نوێنەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس بە هاوتاکانی وت " دەرکردنی بەیاننامەیەکی گشتی ئەنجومەنی ئاسایش یارمەتیدەر نابێت لە کەمکردنەوەی گرژییەکاندا."

وەکو وەڵامێک بۆ فشارەکانی فەڕەنسا لەپێناو دەرکردنی بڕیارێکی هاوبەشی ئەنجومەنەکە، وتەبێژی شاندی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دووبارە جەختی لەوە کردەوە هەڵوێستی ئەمەریکا لەسەر بابەتەکە نەگۆڕاوە و وەکو خۆی ماوەتەوە.

وتی " ئێمە هەڵوێستمان جێگیرە و سەنگ دەخەینە سەر هەوڵە دیبلۆماسییەکانی ئێستا بۆ دانانی سنوورێک بۆ توندوتیژییەکان و پشتیوانی هیچ جوڵەیەک ناکەین کە پێمان وایە ئەو هەوڵانە لەناودەبات."

دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن داوای لە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو کرد هەوڵی " هێورکردنەوەی " ڕەوشەکە بدات، نەتانیاهو بەڵێنیدا بەردەوام بێت لە شەڕکردن دژی حەماس و گروپە چەکدارییەکانی دیکەی غەزە.

ئەم جوڵەیەی فەڕەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دوای ئەوە هات ئەمەریکا چەند جارێک دەرکردنی بەیاننامەی هاوبەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕەت کردەوە کە پێویستە هەمووان بە کۆی دەنگ پەسەندی بکەن. دیبلۆماتکارە فەڕەنسییەکان پێیان وایە بڕیاری ئەنجومەنەکە لەوانەیە فشارەکانی سەر لایەنەکانی ململانێکان زیاد بکات بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و هەروەها تەواوکەری دەستپێشخەرییە سیاسییەکانی دیکە دەبێت.

وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی " پێمان وایە قسەکردنی ئەنجومەنی ئاسایش بە یەک دەنگ و بە بەهێزی سەنگێکی خۆی هەیە لە ڕاستیدا، نەک تەنها لەم حاڵەتەدا بەڵکو لە حاڵەتەکانی دیکەشدا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG