Accessibility links

هێشتا چارەنووسی سەودای ناوکی ئێران دوا بەدوای وتووێژەکانی ترامپ و ماکرۆن نادیارە


دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا لە ڕۆژی سێشەممەدا بەڵینیدا لەگەڵ هاوتا فەرەنسییەکەی بەدوای زەمینەیەکی هاوبەش بگەڕێت لەمەڕ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێراندا هەرچەندێکە هیچ پابەندبوونێکی دەرنەبڕی بەرامبەر بەو سەودایە و بە نابەجێ و ناژیرانە ناودێریکرد.

ترامپ هەروەها ڕەخنەی ئاڕاستەی ئەو رێککەوتنەکرد بۆ سڕکردنی پرۆگرامی ناوکی ئێران لەبەرامبەر هەڵگرتنی ئابڵوقەکان و گوتی نە چارەسەری پروگرامی مووشەکی ئێران و نە هەوڵەکانی بۆ شێواندنی ڕەوشی هەرێمەکە دەکات.

بڕیارە ماکرۆن ئەمڕۆ چوارشەممە وتارێك لەبەردەم کۆبونەوەی هاوبەشی کۆنگریسی ئەمەریکا پێشکەش بکات لە هەوڵێکدا بۆ قەناعەتپێکردنی ترامپ لە سەودای ساڵی 2015 نەکشێتەوە ئەوەی لە نێوان ئێران و کۆمەڵەی وڵاتانی ئەمەریکا ، فەرەنسا، بەریتانیا، چین ، رووسیا و ئەڵمانیا لەسەری ڕیککەوتبوون.

رێبەرەکەی فەرەنسا گوتی لەگەڵ سەرۆك ترامپ باسی لە خواستی بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران کردووە کە هەروەها ڕێگەچارەیەك بۆ پرۆگرامی موشەکی بالیستی وڵاتەکە و چارەسەرێکی سیاسی بۆ سنووردارکرنی چالاکییەکانی ئێران لە سوریا ، یەمەن ، عیراق و لوبنانیش لە خۆبگرێت.

XS
SM
MD
LG