Accessibility links

ئەمەریکا بەنیازە 3000 سەربازی دیکە ڕەوانەی پۆڵەندا بکات


وەزیری بەرگری پۆڵەندا ڕایگەیاند ئەمەریکا 3000 سەربازی دیکە ڕەوانەی پۆڵەندا دەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە ڕووسی مەشقی سەربازیی لە بێلاڕووس و دەریای ڕەش ئەنجام دەدات و هێزەکانی لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا زیادکردووە.

ڕۆژی هەینی چوار بەرپرسی ئەمەریکی بە ڕۆیتەرزیان وت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هێزەکانی دیکەی ئەمەریکا ڕەوانەی پۆڵەندا دەکرێن.

ڕەوانەکردنی ئەم هێزانە لەکاتێکدایە ئەمەریکا هۆشدارییەکانی سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا زیاتر کردووە. ڕووسیا ڕەتی دەکاتەوە پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای هەبێت، دەڵێت تەنها بەرگری لە ناوچەکانی خۆی دەکات دژی دوژمنکاری هاوپەیمانێتی ناتۆ.

وەزیری بەرگری پۆڵەندا ماریوش بلاشتاک لە تویتەر نوسیویەتی پۆڵەندا ئامادەیە لە هەر کاتێکدا بێت پێشوازی لە هێزەکانی ئەمەریکا بکات.

وتی " بەهۆی بارودۆخی ئۆکرانیاوە بەڕێوبەرایەتیەکەی ئەمەریکا 3000 سەربازی دیکە ڕەوانەی پۆڵەندا دەکات. ئەمڕۆ لەم بارەیەوە قسەم لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستندا کرد. ئامادەین لە هەرکاتێکدا بێت پێشوازی لە سەربازانی ئەمەریکا بکەین لە پۆڵەندا."

ڕۆژی شەممە بلاشتاک بە ڕۆژنامەنووسانی وت ڕەوانەکردنی سەربازی زیاتر هێزەکانی ئەمەریکا لە بەشی باشووری ڕۆژهەڵاتی پۆڵەندا پتەوتر دەکات.

وتیشی " ئەو ڕاستیەی کە هێزەکانی ئەمەریکا لە پۆڵەندان و بەمزووانە هێزی زیاتر ڕەوانە دەکرێن بۆ پشتیوانیکردنیان، بەڵگەیە لەسەر هەبوونی هەڕەشەیەکی مەترسیدار لە ڕۆژهەڵاتەوە."

بەرپرسانی ئەمەریکا کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکەن بە ڕۆیتەرزیان وت پێشبینی دەکرێت هەفتەی داهاتوو ئەو هێزانە بگەنە پۆڵەندا.

یەکێک لە سەرچاوەکان وتی ڕەوانەکردنی ئەم هێزانە گرنگییەکی خۆی هەیە. سەرچاوەیەکی دیکە وتی ڕەوانەکردنی هێزەکان لەسەر فەرمانی ئۆستن بووە و ئەویش لەلایەن سەرۆک جۆو بایدنەوە ئاڕاستەکراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG