Accessibility links

کەسێک 17 کەس لە قوتابخانەیەکی ویلایەتی فلۆریدا دەکوژێت


کەسێکی تەمەن 19 ساڵ 17 کەسی کوشت لە ناوە و دەرەوەی قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە شاری پارکلاندی باشوری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتی فلۆریدا، ئەمەش یەکێکە لە خوێناویترین کوشتنکاریـیەکانی کە لە ماوەی 25 ساڵی ڕابردوودا لە ئەمەریکا ڕوویانداوە.

پـۆلیس تاوانبارەکەی دەسـتگیرکرد، دەڵێن ناوی نیکۆلاس کروزە و لە دایکبووی مانگی نۆی ساڵی 1998 ـە. هەروەها دەستیانگرتووە بەسەر ئەو چەکەی لە کوشتنکاریـیەکە بەکاریهێنابوو کە لە جۆری AR-15 .

پـۆلیس دەشڵێت بەر لە هێرشەکە هیچ پەیوەندیـیەکیان پێوە نەکرابوو کە هەڕەشەیەک هەبێت. دەڵێن ئەو بابەتانەی نیکۆلاس لەسەر فەیسبوکی خۆی بڵاویکردوونەتەوە جێی نیگەرانی زۆرن.

سکۆت ئێزرائێڵ بەپـرسی پۆلیسی ناوچەی ڕووداوەکە گوتی نیکۆلاس پـێشتر خوێندکاری ئەو قوتابخانەیە بووە و لەسەر هۆکاری پەیوەست بە ڕەوشتەوە دەرکرابوو. گوتیشی لەو دوایـیانە پـۆلیسیش دەسـتگیرکردبوو.

گوتیشی ئەو 17 کەسەی کوژراون، 12 کەسیان لە ناو قوتابخانەکە بوون و دووانیان لە بەردەم قوتابخانەکە و یەکێک لەسەر جادەی نزیک قوتابخانەکە و دووانی دیکە لەبەر قورسی برینەکانیان لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەست دا.

دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی FBI ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ یارمەتیدانی پـۆلیسی خۆجێی لە لێکۆڵینەوەکاندا.

XS
SM
MD
LG