Accessibility links

جیڵ بایدن لە سەردانەکەیدا بۆ سلۆڤاکیا و ڕۆمانیا چاوی بە پەنابەرانی ئۆکرانیا دەکەوێت


خانمی یەکەمی ئەمەریکا جیڵ بایدن
خانمی یەکەمی ئەمەریکا جیڵ بایدن

خانمی یەکەمی ئەمەریکا جیڵ بایدن لەم هەفتەیەدا لە سەردانەکەیدا بۆ ڕۆمانیا و سلۆڤاکیا چاوی بە دایکان و باوکان و منداڵانی پەنابەرانی ئۆکرانیا دەکەوێت و لەگەڵ کارمەندانی یارمەتییە مرۆییەکان و کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکادا کۆدەبێتەوە.\

لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، ڕۆمانیا و سۆلۆڤاکیا سەدان هەزاران پەنابەری ئۆکرانییان وەرگرتووە.

جیڵ بایدن لە سلۆڤاکیا گەشت دەکات بۆ شاری کۆسیچ و گوندی ڤیسن نێمێچک و لەگەڵ پەنابەران و کارمەندانی یارمەتییە مرۆییەکان و ئەو هاوڵاتیانەی سلۆڤاکیادا کۆدەبێتەوە کە یارمەتییان دەدەن.

ئۆفیسەکەی جیڵ بایدن وتی " لە ڕۆژی دایکدا چاوی بە دایک و منداڵانی ئۆکرانی دەکەوێت کە ناچار بوون بەهۆی جەنگەکەی پوتنەوە وڵاتەکەیان جێبهێڵن."

سەردانەکەی خانمی یەکەمی ئەمەریکا نوێترین دەرخستنی پشتیوانی ئەمەریکایە بۆ ئۆکرانیا و ئەو وڵاتانەشی کە یارمەتی ئۆکرانیا دەدەن.

سەردانەکەشی دوای سەردانەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی دێت بۆ کیێڤ، کە لەوێ لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا کۆبۆوە.

لە ماوەی نێوان 5 بۆ 9 ی مانگی پێنجدا خانمی یەکەم سەردانی ڕۆمانیا دەکات و لەگەڵ کارمەندانی ئەمەریکا و پەنابەراندا کۆدەبێتەوە، دواتریش بەرەو بوخاریست بەڕێدەکەوێت.

ئۆفیسەکەی وتی ڕۆژی شەممەی داهاتوو، جیڵ بایدن لەگەڵ ئەندامانی حکومەتی ڕۆمانیا و ستافی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و ئەو مامۆستایانەدا کۆدەبێتەوە کە یارمەتی منداڵانی ئاوارەی ئۆکرانی دەدەن.

بەپێی ڕێکخراوی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بووەتە هۆی ئەوەی نزیکەی 5.5 ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانیا وڵاتەکەیان جێبهێڵن.

تاوەکو 29 ی مانگی چوار، زیاتر لە سێ ملیۆنیان هەڵاتوون بۆ پۆڵەندا، هاوکات ڕۆمانیا 817,000 و سلۆڤاکیا نزیکەی 372,000 پەنابەرییان وەرگرتووە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG